رۆژنامه‌یه‌كى له‌نده‌نى: ئێستا شیعه‌كان زياتر ئاماده‌ن سازش بۆ كورد بكه‌ن کوردستانی

نوچه‌نێت

دواى سه‌ردانه‌كه‌ى شاندى یه‌كێتى بۆ به‌غدا به‌ سه‌رۆكایه‌تى بافڵ تاڵه‌بانى هاوسه‌رۆكى یه‌كێتى، میدیاى عه‌ره‌بى باس له‌ نزیكبوونه‌وه‌ى حزبه‌ كوردى و شیعه‌كان ده‌كه‌ن و ده‌ڵێن یه‌كه‌مجاره‌ هاوپه‌یمانێتى ئه‌م دوو پێكهاته‌یه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنى عێراق ده‌رده‌كه‌وێت. رۆژنامه‌ى عه‌ره‌ب كه‌ له‌ له‌نده‌ن ده‌رده‌چێت ده‌ڵێ، "ئێستا حزبه‌ شیعه‌كان له‌ هه‌موو كاتێك زیاتر ئاماده‌ن سازش له‌ به‌رانبه‌ر كورد بكه‌ن".

رۆژنامه‌ى عه‌ره‌ب:
یه‌كێتى و عامرى و مالیكى 
ركابه‌رى پارتى و كازمى و سه‌در ده‌بن 
 

دواى كۆبوونه‌وه‌ى شاندى یه‌كێتى به‌ سه‌رۆكایه‌تى بافڵ تاڵه‌بانى له‌گه‌ڵ چه‌ند لایه‌نێكى شیعه‌، ماڵپه‌ڕ و رۆژنامه‌ عه‌ره‌بییه‌كان باس له‌ نزیكبوونه‌وه‌ى لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانى كورد وشیعه‌ ده‌كه‌ن و ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن، ئه‌وه‌ یه‌كه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ له‌ عێراق بكرێت كه‌ تێیدا ئه‌و لایه‌نه‌كانى ئه‌م دوو پێكهاته‌یه‌ هه‌وڵ ده‌ده‌ن له‌ یه‌كتر نزیك ببنه‌وه‌.

ماڵپه‌ڕى سكاى نیوزى عه‌ره‌بى ئه‌مڕۆ له‌ راپۆرتێكدا باس له‌م بابه‌ته‌ ده‌كات و ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات یه‌كێتى زیاتر له‌ حزبه‌ شیعه‌كانى عێراق نزیكتره‌، پارتى له‌ ئێستادا ته‌نیا له‌ لایه‌نێكى شیعه‌ نزیكه‌ ئه‌ویش لایه‌نى ره‌وتى سه‌در و هاوپه‌یمانى سائیروونه‌.

دروستكردنى ئه‌و جۆره‌ هاوپه‌یمانێتیانه‌ 
به‌ ژینگه‌ى سیاسى به‌ر له‌هه‌ڵبژاردن نامۆ نییه‌
 

 

له‌ راپۆرته‌كه‌ى سكاى نیوز ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ كراوه‌، هه‌ر دوو لایه‌نى سه‌ره‌كى كوردى "پارتى و یه‌كێتى" هه‌وڵ ده‌ده‌ن په‌یوه‌ندییه‌كانى خۆیان له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ عێراقییه‌كان به‌هێز بكه‌ن، به‌ڵام هاوكات كار له‌سه‌ر زیندووكردنه‌وه‌ په‌یوه‌ندییه‌ كۆنه‌كانیشیان ده‌كه‌ن، بۆیه‌ چاوه‌ڕوان ناكرێت په‌یوه‌ندییه‌كى نوێ له‌ ئێستا دروست ببێت.

سه‌رچاوه‌یه‌كى كوردى له‌ راپۆرته‌كه‌ كه‌ ناوى ئاشكرا نه‌كراوه‌ باسى له‌وه‌ كردووه‌، هێشتا زووه‌ باس له‌ سروشتى هاوپه‌یمانییه‌كان بكرێت و پێشبینى ئه‌وه‌یش ناكات گۆڕانكارییه‌كى گه‌وره‌ له‌ په‌یوه‌ندییه‌ كلاسیكییه‌كان رووبدات.

ئه‌و رۆژنامانه‌ى باسیان له‌وه‌ بابه‌ته‌ كردووه‌، به‌ دوورى نازانن كێبڕكێى پارتى و یه‌كێتى له‌سه‌ر زیاتركردنى په‌یوه‌ندییه‌كانیان له‌ به‌غدا بۆ به‌ده‌ستهێنانى پۆستى سه‌رۆكى كۆمار بێت. سكاى نیوز نموونه‌ى ئه‌وه‌ ده‌هێنێته‌وه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنى رابردوو له‌ ئه‌نجامى فراوانى په‌یوه‌ندییه‌كانى یه‌كێتى توانى پۆستى سه‌رۆك كۆمارى به‌ده‌ست بهێنێ.

هه‌ر له‌ سه‌ر په‌یوه‌ندى نێوان حزبه‌ كوردییه‌كان و حزبه‌كانى شیعه‌، رۆژنامه‌ى عه‌ره‌ب راپۆرتێكى بڵاوكردووه‌ته‌وه‌، له‌ مانشێتى راپۆرته‌كه‌ هاتووه‌ "به‌ره‌یه‌ك تاڵه‌بانى و عامرى و مالیكى له‌خۆ ده‌گرێت رووبه‌ڕووى به‌ره‌ى هاوپه‌یمانى بارزانى و كازمى و سه‌در ده‌بێته‌وه‌".

په‌رله‌مانتارێكى پێشووى عێراق كه‌ ناوى ئاشكرا نه‌كراوه‌، باسى له‌ هه‌وڵى گوماناوى شیعه‌كان كردووه‌ له‌ نزیكبوونه‌وه‌یان له‌لایه‌ن كوردییه‌كان و ده‌ڵێ، "ئه‌وان جارێكى تر ناتوانن به‌ هاوپه‌یمانى تایفه‌گه‌رى خۆیان سه‌رنجى شه‌قام بۆ هه‌ڵبژاردن رابكێشن" بۆیه‌ له‌و كاته‌دا رۆڵى هاوڕێ له‌گه‌ڵ كورده‌كان ده‌گێڕن.

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ ده‌ڵێ، "لایه‌نى شیعه‌ ئێستا زیاتر ئاماده‌یه‌ بۆ لایه‌نى كوردى سازش بكات، هه‌ڵبه‌ته‌ له‌سه‌ر حیسابى به‌رژوه‌ندییه‌كانى خۆى نا به‌ڵكو له‌سه‌ر حیسابى به‌رژوه‌ندییه‌كانى عێراق". ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ دووپاتى ده‌كاته‌وه‌ هاوپه‌یمانییه‌كانى شیعه‌ ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ حزبه‌كه‌ى تاڵه‌بانى یان بارزانى بێت بۆ په‌رده‌پۆشكردنى ململانێى ناوخۆى شیعه‌كانه‌، له‌گه‌ڵ دوو لایه‌نى كوردى كه‌ ئه‌وانیش هه‌میشه‌ له‌ ناكۆكیدان.

كیفاح مه‌حموود چاودێرى سیاسى له‌ هه‌رێمى كوردستان له‌ راپۆرته‌كه‌ى عه‌ره‌ب قسه‌ى كردووه‌ و ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌ كردووه‌، پارتى چه‌ند مانگێكه‌ دانوستاندنى له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ عێراقییه‌كان كردووه‌ به‌ڵام زیاتر له‌گه‌ڵ ره‌وتى سه‌در له‌یه‌كتر نزیكبوونه‌ته‌وه‌.

كیفاح مه‌حموود باس له‌وه‌ ده‌كات، ده‌بێت دوور له‌ "رۆشنبیرى پلانگێڕى"سه‌یرى ئه‌و بابه‌ته‌ بكرێت و ئه‌و هاوپه‌یمانیانه‌یش بۆ به‌رژوه‌ندى حزبییه‌، ده‌شڵێ، "ئه‌م جۆره‌ هاوپه‌یمانییانه‌ به‌ ژینگه‌ى سیاسى عێراق نامۆ نییه‌".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین