گوڵستان سەعید: خێزانی کوردی لە بەردەم مەترسی هەڵوەشانەوەدایە
نوچە: ئافرەتان
نوچە: هۆکارەکانی زیادبوونی توندوتیژی بەرامبەر ژنان لە هەرێمی کوردستان؟
گوڵستان سەعید: لە کوردستان رێژەی توندوتیژییەکان بەرزتر و باڵاتر و هەمەچەشنتر بووە، جۆری مردن و کوشتنەکان جیاوازترە، ئەمەش هۆکاری زۆرە، یەک لە هۆکارەکان کاریگەری ئەو لێشاوە بێسەروبەرەی میدیایە کە ئێستا هەیە، دووەم باری دارایی خەڵک ناهەموارە، هەروەها کاریگەری داڕمانی سستەمی پەروەردەیی خێزانی و سستەمی پەروەردەیە بە گشتی، کاریگەری زۆر نەرێنی خستووەتە سەر رەوشی خێزانەکان.
بەداخەوە ئەو نابەرابەری و ناعەداڵەتییەی کە لە کوردستان هەیە کاریگەری لەسەر رەوشی کۆمەڵایەتی زۆرە، چونکە تاک هەمیشە حەزی لە لاساییکردنەوەیە و سەیری کەسانێک دەکات کە گوزەرانیان لە سەروی خۆیانە. خەڵکێکیش نمایش بە سامانەوە دەکات کە پێیەوە ماندوونەبووە، بۆیە ئەوانە گرفتی گەورەی لەناو خێزانەکان دروست کردووە. دەبینی لە دامەزراوەی خێزانەوە تا سەرووتر هەموو دەسەڵاتدارێک زوڵم لەویتر دەکات. جاریوایە ئافرەتێک زوڵم لە ئافرەتێکی تر دەکات. یان برا لە خوشک و ژن لە پیاو، ئەمە وێڕای ئەوەی زوڵمی پیاو لە خێزانەکاندا بەردەوامە. پێموایە کاریگەری خراپی لە داهاتوودا بۆسەر خێزان هەیە. خێزانی کوردی لەبەردەم مەترسی گەورەی هەڵوەشانەوەدایە، چونکە یەکتر قبوڵکردن و گیانی لێبوردەیی و پێکەوەیی نەماوە.
ژنانی پەرلەمانتاریش توندوتیژیان بەرامبەر دەکرێت
نوچە: هۆکارەکان چین کە خێزانی کوردی لە بەردەم هەڕەشەی هەڵوەشانەوەدایە؟
گوڵستان: من ئەگەر ئاماژە بە گرنگترین هۆکاربکەم، خراپی رەوشی ئابوری هەرێمی کوردستانە، کە لە نۆ ساڵی رابردوودا هەلی کار بۆ گەنجان نەڕەخساوە بە ئێستاشەوە ناتوانن ژیان دروست بکەن و چارەنوسیان دیارنییە، هەندێکیان هەڵدێن و کۆچ دەکەن، هەندێجاریش هەندێ کەس دەیانەوێ لە دەرەوەی خیزان پێداویستییە سێکسییەکانیان پڕبکەنەوە، کە ئەمەش دواتر توندوتیژی لێدەکەوێتەوە.
هۆکارێکی تری کاریگەر ئەوەیە، کە بەرنامەی زۆر بێ ئاست و خراپ لە هەندێ کەناڵ پیشان دەدرێت، راگەیاندن کاراکتەری سەیر سەیر دەکاتە پاڵەوان، کە زۆرجار وشەی ناشیاو و نەگونجاو دەردەبڕن، شکۆی مرۆڤ بە گشتی و شکۆی ژن بە تایبەت دەشکێنن.
هەروەها دەمەوێ باسی دراما دۆبلاژکراوەکان بکەم کە ئاستیان زۆر خراپە و لەگەڵ کلتوری کۆمەڵگەی ئێمەش نایەنەوە، بۆیە گرنگە بوەستێنرێن، ئەو پارانەی کە دەدرێت بەو درامایانە لە ئەکتەرەکانی خۆمان خەرج بکرێت، ئەو بەرهەمانە بەرهەم بهێنن کە بۆ کۆمەڵگەی ئێمە دەشێت، لەسەردەمی ئێمە حاجی مەکی تەمسیلی دەکرد لەسەر کۆمەڵێک دیاردە هێشتا کاریگەری لەسەر خێزانەکان ماوە.
خاڵێکی دیکە ئەوەیە سۆشیال میدیا رۆڵێكی خراپی گێڕاوە، پارتە سیاسییەکان مامەڵەیەکی نابەرپرسانە دەکەن لەگەڵ ئەو پەیجانەی کە هەیانە بە شکاندنی هەموو بەهاو دەسەڵاتەکان، گومان دروستکردن لەسەر هەموو پارەتە سیاسییەکان کە ئەمە رۆڵێكی خراپ دەگێڕێت، جنێوو قسەی ناشیاو بە هەموو کەس دەڵێن. هۆکارێکی دیکەی گرنگ مینبەری مزگەوتەکانە کە رێکنەخراوە و تێیدا گرنگی بە کەمکردنەوەی توندوتیژی نادەن، بەڵكو گوتارەکانیان کاریگەری نەرێنی هەیە. لە کاتێکدا پێویستە رۆڵی پیاوە ئاینییەکان و مزگەوت ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی بێت دەکرێ ئەم مینبەرە بۆ هێورکردنەوەی توندوتیژییەکان بەکاربهێنرێت نەک بە پێچەوانەوە.
وەزارەتێکی دیکەی گرنگ وەزارەتی پەروەردەیە، بە رۆڵی خۆی هەڵنەستاوە و کاری لەسەر ئەم بابەتە نەکردووە. بواری پەروەردە زۆر لاوازە. پێویستە لە سەرەتاییەوە تاکەکان فێری هاوسەنگی لە مامەڵەی جێندەری بکرێن.
نوچە: زۆرجار توندوتیژییەکان بنەمایان بۆ هەڵەیەکی کۆمەڵایەتی یان خێزانی دەگەڕێتەوە، بۆنموونە چەند مانگێک لە مەوبەر ژنێکیان کوشت، دەرکەوت کە بە دوانزە ساڵی بە شو درابوو مەلایەک مارەی بڕیبوو. وەکو لیژنەی ژنان بەدواداچوونتان بۆ کرد؟ یان کارێک دەکەن کە ئیتر مارەبڕین لە دەرەوەی دادگا نەمێنێت؟
گوڵستان سەعید: پەرلەمانی کوردستان، کۆبوونەوەیەکی تایبەتی لەسەر زیادبوونی رێژەی کوشتن و توندوتیژی کرد، هەندێ راسپاردە و رای ئەندام پەرلەمانەکانمان گەلاڵە کردووە دەدەینە وەزارەتە پەیوەندیدارەکان، یەکێک لەو هۆکارانە ئەوەیە کە ئاماژەت پێدا، ئێمە داوامان کردووە، کە ئەو مەلایانەی کچ مارە دەبڕن دەبێ لە نوسینگەیەک بن مۆڵەتیان هەبێ، وەکو نوسینگەی شارەوانی. هەروەها خەڵک هوشیاربکرێتەوە کە یەکەمجار لە دادگا هاوسەرگیری بکەن. دواتر بڕۆنە لای ئەو مەلایەنە. لەم بابەتەدا دەبێ وەزارەتی ناوخۆ کە رۆڵی کارا بگێڕێ بۆ رێکخستنی ئەم کارە، چونکە ئەمن و ئاسایشی تاکەکان لە هەرێمی کوردستان و بۆ پاراستنیان ئەرکی ئەم وەزارەتەیە.
پارتە سیاسییەکان نابەرپرسانە مامەڵە لەگەڵ سۆشیال میدیا دەکەن
نوچە: ئەو پاراستنە چۆن دەکرێت؟ لە کاتێکدا دیاردە و سستەمی عەشیرەگەری تۆختر کراوەتەوە. هەندێ لە عەشیرەتەکان چەکی قورسیان هەیە؟ دەبینی کە ئێستا حزبەکانیش گرنگیان پێدەدەن و فێستیڤاڵی عەشیرەتیان بۆ رێکدەخەن.
گوڵستان سەعید: ئێمە کە داوا لە وەزارەتی ناوخۆ دەکەین، یەکەم خاڵمان ئەوەیە کە دەبێ بکوژان بە زووترین رادەستی یاسا بکرێن، ئەوە لە هێڵە گشتییەکانی حکومەتی هەرێمدا هاتووە، چونکە ئەگەر یاسا سەروەر نەبێ ئەوەندەی تر دەشێوێ، دەبێ رێگری لە بنکە و مەکتەبە کۆمەڵایەتییەکان بکرێ کە سوڵحی عەشایەری تێدا دەکرێت و ژنی تێدا مافخوراو دەکرێت یان کێشەکان بە پارە چارەسەر دەکرێت. کەواتە پارەدارەکان بکوژیش بن سزانادرێن و سوڵح دەکەن، هەروەها وەزارەتی ناوخۆ لەوە بەرپرسە کە رێگە بە هەڵگرتنی چەک بەبێ مۆڵەت نەدات.
نوچە: دەمێکە باسی ئەوە دەکرێت کە چەکی بێ مۆڵەت هەڵنەگیرێت و ئەو کەسانەش لە چوارچێوەی کاری پۆلیس و دەزگاکانی تردان، دوای تەواوبوونی ئەرکەکانیان چەکەکانیان لە شوێنی کار بەجێبهێڵن، بەڵام تا ئێستا جێبەجێنەکراوە، ئایا لەمەودوا جێبەجێ دەکرێت؟
گوڵستان سەعید: ئێمە راسپاردەمان نوسیوە و چاودێریش دەبین لەسەر جێبەجێکردنی، ئەگەر حزبەکانیان دەیانەوێ قەوارەی هەرێم پارێزراو بێت و ئارام بێ دەبێ هاوکاربن لەوەی کەس لە ماڵەوە چەکی پێنەبێت. ناکرێت ئەوەندە بە ئاسایی وەزیری ناوخۆ بڵێت، لە ماڵەکاندا قازیفە هەیە. ئەی ئیشی حکومەت چییە کە نەتوانێ ئەمە کۆنترۆڵ بکات و چەک هەڵگرتن سنوردار بکات؟ بۆ کەمکردنەوەی توندوتیژییەکان دەبێ هەموو هێزەکان دوای تەواوبوونی ئەرکەکانیان لە گەنجینە یان شوێنێکی تایبەت چەکەکانیان بەجێهێڵن، چونکە جیا لە بەکارهێنانی بە ئەنقەست و تاوانکردن، زۆرجار بیستومانە و بینیومانە کە بەهۆی هەبوونی چەک لە ماڵەکان کوشتنی قەزاوقەدەر روویداوە، بەتایبەت منداڵان و گەنجان کە بە ناشارەزایی دەستکاریان کردووە کارەسات لە ماڵەکان روویداوە. خاڵێکی تری گرنگ ئەوەیە کە ئەنجومەنی دادوەری لە دەسەڵاتی حزبی دابماڵرێت. دەبێ کاری چەسپاندنی دادوەری بێت نەک یاسا جێبەجێ نەکات.
نوچە: لە ٢٠٠٨ بەدواوە یاسای باری کەسی هەموارکرایەوە، یاسای توندوتیژی خێزانی دەرچوو. بەڕێوەبەرایەتییەکانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بەئافرەتان دامەزرا.
دەتوانین بڵێین لە هەرێمی کوردستان یاسای باشمان هەیە، بەڵام گرفت لە جێبەجێکردنیاندا هەیە، بۆ ئەم مەبەستە چیتان کردووە؟ یان چی دەکەن؟
گوڵستان سەعید: بە دڵنیایی چاودێری دەکەین بەڵام یاسای ژمارە هەشتی ساڵی ٢٠١١ جێی نیگەرانی ئێمەیە، کە تا ئێستا ئەو داداگایەی تایبەتە بە بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی بایەخی پێنەدراوە. بۆیە ئێمە هەوڵ دەدەین هەموار بکرێتەوە یان یاسایەکی نوێ دابنرێت، تا هیچ نەبێت بتوانین هەندێ توندوتیژی کەم بێتەوە.
نوچە: بەڵام گوتمان کە یاسای باش هەیەو جێبەجێ ناکرێت، کەواتە دانانی یاسای نوێ چی دەگۆڕێت؟ یان یاسای تریش دابنرێت هەر بەمجۆرە نابێت؟
گوڵستان سەعید: کە یاسایەک دادەنرێت دەبێ ژینگەی کۆمەڵگەشی بۆ بڕەخسێنرێت و هوشیاری لەگەڵ بێت تابتوانرێ جێبەجێ بکرێت، ئەوەش جگە لە دادگا ئیشی وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی وەک: پەروەردە، ئەوقاف، تەندروستی و کارو کاروباری کۆمەڵایەتییە، هەروەها ئیشی رێکخراوەکانە. دەبێ هەموو لایەک خۆی بە بەرپرسیاربزانێت.
نوچە: ئێستا توندوتیژی لە زیادبووندایە، بەڵام رێکخراوەکان تا راددەیەک بێدەنگن، یان چالاکیان زۆر کەمە ئەمە بۆچی دەگەڕێنیتەوە؟ ئایا هۆکارەکە سیاسییە؟ یان ماددیە؟
گوڵستان سەعید: زیاد لە هۆکارێکی هەیە، یەکەمیان ئەوەیە کە حزبەکان وادەکەن خۆیان رێکخراوەکان ئاراستە بکەن، ئێستا بەشێکیان حزبین و بەشیکیان سێبەری حزبەکانن، لەگەڵ ئەوەشدا دەکرێ کە مرۆییانە مامەڵە بکەن و ئەو بەرپرسیارێتییە مێژووییە لە ئەستۆ بگرن و هەموو شتێ بە پارەوە نەبەستنەوە چونکە هەندێ کار هەیە کە بە بێ پارەش دەکرێ. هەروەها دەتوانن وابکەن کەسانی خۆبەخش بۆ هەندێ پڕۆژە بدۆزنەوە، هەرئەوە نییە کە رێکخراوەکان بەرپرسیارێتی بخەنە سەر دەسەڵات و خۆیانی لێ بەدەربکەن بەڵکو ئەوانیش ئەرکیان لەسەر شانە.
نوچە: ئایا پێتوایە لە لوتکەی دەسەڵاتی حکومەت و حزبەکان پشتگیری بۆ ژن هەیە؟
گوڵستان سەعید: ئەگەر سەیری پلاتفۆرمی هەموو حزبەکان بکەی ئەو ئامانجە مرۆییەی تێدایە، بەڵام کە رەنگدانەوەی هێڵە گشتییەکانی حکومەت دەبینم، بایەخێکی ئەوتۆ بە ژن نەدراوە، رەنگە لە بۆنەکان هەندێ شتی تەشریفاتی کرابێت ئەویش بەس بۆ راگەیاندن بووە. دەپرسین ئایا لە رووی کردارییەوە هیچ کراوە؟ ئێستا باشترین قۆناغە بۆ پاراستنی ژنان، چونکە مەترسی لە هەموو روویەکەوە لەسەر ژنان هەیەو ناپارێزرێن، هەروەها جۆرێک لە گێچەڵکردن بە ژنان هەیە مەگەر ئەوکاتە بمبینیبێت کە تازە پێدەگەیشتم لەلایەن بەعسەوە بەرامبەر بە ژنی کورد لەسەر قەزیەی نەتەوەیی دەیانکرد، بەڵام ئێستا بۆچی دەکرێت؟!! ئەوەی ئێستا هەیە حساب نەکردنە بۆ حکومەت و یاسا، ئەمە بێ بایەخ کردنی یاسایە، چونکە ژن هەیە لە دەسەڵاتدایە گێچەڵی پێدەکرێت.
ئێمە کە قسە دەکەین دژی حکومەت و کۆمەڵگە نین بەڵکو دەمانەوێ دەست بخەینە سەر برینەکان و چارەسەری بکەین. کۆتایی بەو نەهامەتی و نابەرابەرییە بێنین کە بەرامبەر بە ژنان دەکرێت لە هەرێمی کوردستان، لە هیچ وڵاتێک ژنی وەکو کورد نییە کە هەمووی ئازاو بە غیرەت و خۆنەویستن، بۆیە دەبێ ژنی کورد رێزی لێبگیرێت ئەو هەڵانە راستبکرێنەوە کە لە کلتوری ئێمەدا بەرامبەر بە ژن هەیە.
خاڵێکی دیکەی گرنگ ئەوەیە، کە بایەخ بە پەروەردەی ژنان بدەین و بە ئەرک و مافەکانیان ئاشنا بکەین. هەروەها ئەرک و بەرپرسیارێتی باڵایان پێ بسپێردرێت نەک هەر پەراوێز بخرێن بۆئەوەی ژنان درک بەوە بکەن کە جێگەی بایەخن، ئێمە بەردەوام گوێبیستی ئەوە دەبین کە ئەو وڵاتانەی ژن بەڕێوەیان دەبات یان ئەو شارانەی کە ژن تێیدا بەرپرسیارێتی هەیە، نموونەن ئێستا شاری هەڵەبجە بۆتە نموونە لە هەرێمی کوردستان کە ژنان بەڕیوەی دەبەن، دەبینین ئەدایان چەند بە دڵسۆزییە و چەند بە لەخۆبوردووییەوە کاردەکەن. بۆیە ژنی کورد نموونەی ژنی فیداکار و ماندووە و دەبێ رێز لە ماندووبوونی بگیرێت.
نوچە: دوو بەرە هەن ئێستا ژن وەکو جەستە و نمایش بەکاردەهێنن، بەرەیەک بە ناوی مۆدیلات و بەرەیەک بە ناوی ئاینەوە، ریکلامی سیاسییان پێوە دەکەن. ئێوە کارتان لەسەر ئەوە کردووە؟
گوڵستان سەعید: ژنی کورد تایبەتمەندی خۆی هەیە نە لەگەڵ ئەوەین کە خەڵک بە زۆر بکرێن بە باڵاپۆش و نمایش بکرێن نە لەگەڵ ئەوەین کە ژنان بکرێنە مۆدێل و نمایش بکرێن. کوردستان سروشتێکی جوانی هەیە. جاران هەموو جل و بەرگی ژنان ئاوێزانی رەنگەکانی سروشت بوو، ژنانی رەسەن جلەکانیان ئاوێزانی رەنگی سروشت بووە. لەبەرئەوە هەوڵ بدەین ژن لە هەردوو کلتور بپارێزین و گرنگی بە کلتوری خۆمان بدەین بەرجەستە و جوانتری بکەین. جل و بەرگی کوردی جوانترین پۆشاکە بۆ خانمان بۆیە نابێ نە بەناوی مۆدیلات و نە بەناوی ئاین ئەم رەسەنایەتییە لاببەین.
دەبێ ئەوەمان لە بیربێت کە ژنی کورد هەمیشە ژنێکی ئازا و ئازاد بووە، لە مێژووی سەد ساڵی رابردوو کە میجەرسۆن هاتە کوردستان لە بیرەوەرییەکانیدا باس لە عادیلە خان دەکات. هەروەها باس لە ژنانی لادێکان دەکات و دەڵێ: کە دەڕۆێشتمە لادێکان ژنان هیچ کاتێک چاوەڕێی مێردەکانیان نەبوون بۆ میوانداری، بەڵكو هەموو کاتێک خۆیان خواردنیان ئامادە دەکرد و مەجلیسیان بەڕێوەدەبرد. بۆیە دەبێ ئێستاش ئەو هێزە بە بەر رۆحی ژندا بکەینەوە، نەک ئالودەی کلتوری نەتەوەکانی تر بین.
نوچە: وەکو لیژنەی ئافرەتان هیچ هەنگاوێکتان بۆ ئەوە ناوە؟
گوڵستان سەعید: من هەمیشە سەرنجی زۆرم لەسەر میدیایە چونکە ئەوان ژن خراپ نمایش دەکەن، لە خولی رابردووی پەرلەمانی کوردستان، میساقێکی شەرەف لە نێوان میدیا و پەرلەمان هەبوو، ئەوکاتە کە دکتۆر یوسف سەرۆکی پەرلەمان و ئێڤار ئیبراهیم سەرۆکی ئەم لیژنەیە بوو. داوامکردووە ئەم میساقە زیندووبکەینەوە کە سەرجەم کەناڵ و ماڵپەڕەکان بانگهێشت بکەین چونکە ناکرێ رێگە بدرێت، هەر کەس بۆ لایک و کۆمێنت کۆکردنەوە کۆمەڵگە بشێوێنێت. دواجار هەموومان بەرپرسیارین بەرامبەر بە کۆمەڵگە.
خاڵێکی تری گرنگ بۆ هاوسەنگکردنەوەی جێندەر، دەبێ عەداڵەتی کۆمەڵایەتی و ئابوری لە کۆمەڵگە هەبێت، سیاسی سەرمایەدارمان زۆرە لە هەرێمی کوردستان، دەبێ ئەم سیاسییانە واز لەم سەرمایەدارییە بهێنن.
لاوازترین لیژنە لە پەرلەمان لیژنەی ژنانە
نوچە: ئایا واز دەهێنن؟ چۆن فشار بۆ ئەم مەبەستە دروست دەکرێت؟
گوڵستان سەعید: دەبێ ئیشی بۆ بکەین. فشار دروست بکەین بەوەی هەموومان قسەی لەسەر بکەین و هەوڵی بۆبدەین.
نوچە: من قسەدەکەم و دەنوسم بەڵام ئایا کاری پەرلەمانتاریش هەر ئەوەیە؟
گوڵستان سەعید: ئەوەی کە لە ئەستۆی پەرلەمانە فشار دروستکردن و رێکخستنیەتی بە یاسا، لێرە ئەندام پەرلەمانی بە ئیمتیاز تێگەیشتوون، نەک ئەرک، ئەندام پەرلەمانی وەکو ئیمتیاز دەدرێ بە عەشیرەتەکان، لەبەرئەوەیە کە ناتوانین فشار دروستبکەین. بۆ نموونە
لیژنەکەی ئێمە لاوازترین لیژنەیە، لە کاتێکدا ئەو هەموو توندوتیژییە هەیە، لە کاتێکدا ٣٣ ئەندام پەرلەمانی ژنمان هەیە. لە کاتێکدا پەرلەمانتارانی ژن رەنگە زۆرترین توندوتیژیان بەرامبەر بکرێت. لەبەرئەوەیە کە دوای ئەم هەموو ساڵە قەزیەی ژن لە پاشەکشێدایە.
0 لێدوانەکان
Karla Gleichauf
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
M Shyamalan
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment
Liz Montano
12 May 2017 at 05:28 pm
On the other hand, we denounce with righteous indignation and dislike men who are so beguiled and demoralized by the charms of pleasure of the moment