هه‌ڵمه‌تێكى ترى جه‌ماوه‌رى دژى حكومه‌تى كازمى ده‌ستپێده‌كات عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

دواى هه‌ڵمه‌تى "كێ منى كوشت؟" كه‌ له‌ 25ى مانگى رابردوو به‌ڕێوه‌چوو، خۆپیشانده‌رانى عێراق هه‌ڵمه‌تێكى تر به‌ ناوى "سه‌جاد له‌كوێیه‌؟" ده‌ستپێده‌كه‌ن و داواى ئاشكراكردنى چاره‌نووسى ئه‌و چالاكوانانه‌ ده‌كه‌ن كه‌ له‌لایه‌ن هێزى نادیاره‌وه‌ رفێندراون.

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ یه‌كى حوزه‌یران ماڵپه‌ڕى كه‌ناڵى عه‌ره‌بییه‌ بڵاوى كردووه‌ته‌وه‌، هه‌ڵمه‌تێكى فراوان له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانى عێراق به‌ ناوى "سجاد وین، سه‌جاد له‌ كوێیه‌؟" ده‌ستىپێكردووه‌ و به‌شداربووانى داواى ئاشكراكردنى چاره‌نووسى چالاكوانه‌ رفێندراوه‌كان ده‌كه‌ن.

ئه‌مه‌ دووه‌م هه‌ڵمه‌تى خۆپیشانده‌رانى عێراق ده‌بێت له‌ ماوه‌ى كه‌متر له‌ 10 رۆژدا ئه‌نجام بدرێت. هه‌ڵمه‌تى یه‌كه‌م له‌ 25ى ئه‌م مانگه‌ به‌ڕێوه‌چوو به‌ دروشمى "كێ منى كوشت؟" ئه‌و هه‌ڵمه‌ته‌یش له‌ 25ى مانگى رابردوو بووه‌ هۆى خۆپیشاندانێكى گه‌وره‌ كه‌ له‌ به‌غدا و 10 شارى ترى عێراق به‌ڕێوه‌چوو.

له‌ هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ى پێشوو خۆپیشانده‌ران داواى ئاشكراكردنى بكوژانى خۆپیشانده‌ران و چالاكوانانیان ده‌كرد، كه‌چى ئه‌مجاره‌ داواى ئاشكراكردنى چاره‌نووسى رفێندراوه‌كان ده‌كه‌ن.

ماڵپه‌ڕى كه‌ناڵى عه‌ره‌بیه‌ ده‌ڵێ، "خێزانى سه‌جاد داوا ده‌كه‌ن به‌ زیندوویى یان مردوویى چاره‌نووسى كوڕه‌كه‌یان ئاشكرا بكرێت". سه‌جاد عێراقى گه‌نجێكى چالاكوانى عێراقى بوو له‌ شارى ناسڕیه‌ له‌ مانگى ئه‌یلوولى 2020 له‌ لایه‌ن هێزێكى نه‌ناسراو رفێندرا.

تا ئێستا ده‌رنه‌كه‌وتووه‌ ئه‌و هه‌ڵمه‌ته‌ى ئه‌مجاره‌ وه‌ك جارى پێشوو خۆپیشاندانی لێده‌كه‌وێته‌وه‌ یان هه‌ر هه‌ڵمه‌تێكى تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان ده‌بێت، به‌ڵام وه‌ك تێبینى ده‌كرێت ئه‌مجاره‌ چه‌ندان نووسه‌ر و ئه‌دیبى عێراق به‌شدارن و زۆربه‌ی په‌یامه‌كانیش ئاراسته‌ى ئه‌حمه‌د ئه‌بوره‌غیف ده‌كرێن كه‌ بریكارى وه‌زاره‌تى ناوخۆى عێراقه‌ بۆ كاروبارى هه‌واڵگرى و سه‌رۆكى ئه‌و لیژنه‌یه‌یه‌ كه‌ كازمى به‌ گرتنى به‌رپرسانى گه‌نده‌ڵ پێكیهێناوه‌.

ماڵپه‌ڕى عه‌ره‌بیه‌ له‌ راپۆرته‌كه‌ى ئه‌مڕۆى ئاشكراى كردووه‌، جگه‌ له‌ قاسم موسلیح  سه‌ركرده‌ى میلیشیاكان كه‌ له‌ 25ى مانگى رابردوو به‌ تۆمه‌تى تیرۆر گیراوه‌، ده‌یان كه‌س له‌سه‌ر دۆسیه‌ى كوشتنى چالاكوانان گیراون.

سه‌جاد عێراقى .. له‌ مانگى ئه‌یلووله‌وه‌ رفێندراوه‌ و چاره‌نووسى دیار نییه‌
 

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین