سه‌ردانى راوێژكارى ئاسایشى نه‌ته‌وه‌یى عێراق بۆ فه‌ڵه‌ستین دوا ده‌خرێت عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

ئه‌مڕۆ ریاز مالیكى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاتى فه‌ڵه‌ستین گه‌یشته‌ به‌غدا. بڕیار بوو قاسم ئه‌عره‌جى راوێژكارى ئاسایشى نه‌ته‌وه‌یى عێراقیش سه‌ردانى رامه‌ڵاى فه‌ڵه‌ستین بكات، به‌ڵام به‌هۆكارێكى نادیار سه‌ردانه‌كه‌ى دواخراوه‌.

ئه‌حمه‌د سه‌حاف گوته‌بێژى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى عێراق له‌ لێدوانێكى كورت كه‌ له‌ ماڵپه‌ڕى به‌غداد توده‌ى بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ ئاشكراى كردووه‌، ریاز مالیكى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاتى فه‌ڵه‌ستین نیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 23ى ئایار گه‌یشتووه‌ته‌ به‌غدا.

وه‌ك پێشتر بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ بڕیاره‌ ریاز مالیكى له‌گه‌ڵ هه‌ر سێ سه‌رۆكایه‌تیه‌كه‌ى عێراق كۆببێته‌وه‌.

هاوكات بڕیار بوو هه‌ر ئه‌مڕۆ قاسم ئه‌عره‌جى راوێژكارى ئاسایشى نه‌ته‌وه‌یى عێراق سه‌ردانى رامه‌ڵاى فه‌ڵه‌ستین بكات و له‌وێ له‌گه‌ڵ مه‌حمود عه‌باس سه‌رۆكى ده‌سه‌ڵاتى فه‌ڵه‌ستین كۆببێته‌وه‌.

كه‌چى میدیا عێراقییه‌كان بڵاویان كردووه‌ته‌وه‌، سه‌ردانه‌كه‌ى قاسم ئه‌عره‌جى به‌ هۆكارى ته‌كنیكى دواخراوه‌.

له‌ لێدوانه‌ رۆژنامه‌وانییه‌كانى ریاز مالیكى گوتبووى ئامانجى سه‌ردانه‌كه‌ى بۆ عێراق به‌ هێزكردنى په‌یوه‌ندییه‌كانى نێوان عێراق و فه‌ڵه‌ستینه‌.

 
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین