جۆرج دەبلیو بۆش: ئێران هەوڵی شکستهێنان بە رێككه‌وتنى ئیبراهیم دەدات ئێران

نوچه‌نێت

جۆرج دەبڵیو بۆش، سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا، دەڵێت ئێران مەترسییە بۆ سەر سەقامگیری جیهان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە ئێستادا هەوڵ دەدات شکست بە رێككه‌وتنى ئیبراهیم بێنێت.


ڕۆژی چوارشەممە ١٩ی ئایاری ٢٠٢١، جۆرج دەبڵیو بۆش، سەرۆکی پێشووتری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە میانەی دیمانەیەکدا لەگەڵ "فۆکس نیوز" گوتی، "ئەو قەیرانەی ئێستا لە غەزە هەیە، دەرکەوتەی دوژمنایەتی دەسەڵاتی ئێران لەگەڵ ئیسرائیلە و هۆشداری دا کە کۆماری ئیسلامیی هەوڵی ئەوە دەدات ئەو رێككه‌وتنه‌ لە سەردەمی سەرۆکایەتی دۆناڵد ترەمپ هاتنە ئاراوە، لە ناو ببات". 
بۆش وێرای جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی کە ڕژێمی ئێران پشتیوانی لە گرووپە توندڕۆکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات گوتی، " پێموایە باشترین ڕوانگە سەبارەت بە ئێران ئەوەیە کە تێبگەین هێزگرتنی ئەو وڵاتە مەترسییە بۆ ئاشتی جیهانیی. ئێران بە چڕی سەرقاڵی ڕێکخستنی گرووپە توندڕۆکانە لە لوبنان، سوریا و یەمەن، و دەیەوێت پەرە بە نفوزی خۆی بدات". 
سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا دەربارەی گفتوگۆکانی ڤیێنا لە نێوان بەرپرسانی وڵاتانی ڕۆژئاوا لەگەڵ نوێنەرانی کۆماری ئیسلامیی گوتی، "هەر مامەڵەیەک ئەنجام بدرێت، نابێ تەنیا توانا ئەتۆمییەکانی ئێران لەخۆ بگرێت، بەڵکو پێویستە نفوزی ئەو ڕێژێمە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕستیش لەبەرچاو بگرێت. سەیر بکەن، پرۆسەی گفتوگۆکان هەر جۆرێک بەرەو پێش بڕوات، پێویستە مەترسییەکانی ڕێژیمی پەلاماردەری ئێران بۆسەر هاوپەیمانانمان و بۆ سەر سەقامگیری ناوچە لەبەرچاو بگرین. بۆیە پێویستە تێڕوانینێکی هەمەلایەنەمان هەبێت". 
بۆش لە وەڵامی پرسیاری پێشکەشکاری بەرنامەکە دەربارەی قەیرانی نێوان ئیسرائیل و حەماس لە غەزە گوتی، "ئاشکرایە هەموومان نه‌فره‌تمان بۆ توندوتیژی هەیە. بەڵام ئەوەی ئەمڕۆ دەیبینین، ئەوەیە کە ڕژێمی ئێران، ئیسرائیلی کردووەتە ئامانج و هەوڵ دەدات ئەو هاوپەیمانێتیانەی لە سەردەمی ئیدارەی پێشووی ئەمریکا، لەژێر ناوی رێككه‌وتنى ئیبراهیم، هاتنە ئاراوە، لەناو ببات". 
بۆش سەبارەت بە داهاتووی ئاشتی لە نێوان ئیسرائیل و فەلەستینییەکان گوتی، "کاتێ تەپوتۆزەکە نیشتەوە و رێككه‌وتنى ئیبراهیم جێی خۆی گرت، ئەو کات ئەو پەیمانە دەتوانێ زەمینەیەکی گونجاو بۆ ئاشتی دابین بکات. بەڵام لە ئێستادا، ئەو لایەنانەی خوازیاری ئاشتی نین، ئیسرائیل هان دەدەن و پەلاماری دەدەن، و دیارە ئیسرائیلیش بۆ پاراستنی ئاسایشی نیشتمانیی خۆی وەڵام دەداتەوە". 
بۆش لە کۆتاییدا وێرای جەختکردنەوە لەسەر ڕۆڵی بەرچاوی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا وەک باڵوێزی ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گوتی: "ئەمریکا ڕۆڵێکی سەرەکی لە دابینکردنی ئاشتیدا هەیە. هەندێ جار بارودۆخ بۆ گفتوگۆ لەبارە و هەندێ جاریش گونجاو نییە. پێویستە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا درێژە بە ڕۆڵی نێوەندگیری بدات تا ئەو کاتەی گفتوگۆکانی ئاشتی دەست پێدەکەن".

 


 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین