نێچیرڤان بارزانى پێشوازى لە شاندێکى باڵاى ئەمەریکا دەکات کوردستانی

نوچەنێت:

نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، پێشوازیى لە شاندێکى باڵاى ئەمەریکا کرد، کە پێکهاتبوون لە جۆی هوود یاریدەدەری وەزیری دەرەوە، ئەیمی کەترۆنا یاریدەدەری نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ سووریا، زەهرە بیڵ و سکۆت سیمۆنس لە فەرماندەییی ناوەندیی ئەمەریکی.

بەپێى ڕاگەیێندراوى ماڵپەڕى سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستان، سەرۆکى هەرێمى کوردستان لەگەڵ شاندە ئەمەریکییەکەدا پرسى"پەیوەندییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەمەریکا، دۆخی عێراق و هەرێمی کوردستان بەگشتی، پەیوەندییەکانی هەولێر – بەغدا، هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراق، جموجۆڵ و مەترسییەکانی داعش، ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق" تاوتوێکردووە.

هەروەها ڕاگەیێندراوەکە ئاماژە بەوەش دەکات، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر ئەوەى "کە داعش مەترسییەکی ڕاستەقینەیە و هەڕەشە لە ئارامی و سەقامگیریی عێراق و ناوچەکە دەکات، عێراق و هەرێمی کوردستان پێویستییان بە پشتگیری و بەردەوامیی ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی هەیە، هەروەها هاوکاری و هەماهەنگیی نێوان پێشمەرگە و هێزەکانی عێراقیان بە پێویست زانی."

بەشێکى دیکەى دیارەکەى نێچیرڤان بارزانى لەگەڵ شاندە ئەمەریکییە جەختکردنەوە بوو لەسەر بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و توندڕەوی و پشتگیریی هاوپەیمانانی لە ناوچەکە بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش بەردەوام دەبێت، هەروەها گفتوگۆی نێوان لایەنە کوردییەکانی سووریایان بە گرنگ لە قەڵەم دا بۆ چارەسەرکردنى کێشەکانیان.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین