به‌رپرسانى توركیا بۆ ئاشتبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ میسر په‌له‌یانه‌ هەواڵ

نوچه‌نێت

سه‌ره‌تای ئه‌مساڵ توركیا ده‌ستی به‌ په‌یام ناردن كرد بۆ ئاشتبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ میسڕ، له‌و چوارچێوه‌یه‌ میسڕ وه‌ڵامی په‌یامه‌كانی توركیای دایه‌وه‌، هه‌فته‌ی رابردوو له‌سه‌ر ئاستی جێگرانی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی هه‌ردوو وڵات كۆبوونه‌وه‌، دوای كۆبوونه‌وه‌ی هه‌‌فته‌ی رابردووی كۆبوونه‌وه‌ی نێوان جێگرانی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا و میسڕ به‌رپرسانی باڵای توركیا په‌یامی ئه‌رێنی بۆ میسڕ ره‌وانه‌ ده‌كه‌ن.

ماڵپه‌ڕی(ئه‌نادۆڵی) بڵاوى كردووه‌ته‌وه‌ هه‌ینی حه‌‌وتی ئایار ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌رۆك كۆماری توركیا دوای ئه‌نجامدانی نوێژی هه‌ینی له‌ مزگه‌وتی ئیمامی عه‌لی له‌ ناوچه‌ی ئوسكودار له‌ ئیسته‌نبوڵ، به‌ رۆژنامه‌نووسانی راگه‌یاند" كۆبوونه‌وه‌كان له‌ داهاتوو فراوانتر ده‌بن، ئه‌وه‌ی ئێستا ده‌ستپێكی قۆناغێكی تازه‌یه‌،  په‌یوه‌ندییه‌كان له‌ رێگه‌ی ده‌زگای هه‌واڵگری ده‌ستی پێكردووه‌، پاشان فروان ده‌بێت بۆ ئاستی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌، هه‌روه‌ها راشی گه‌یاند" گه‌لی توركیا و میسڕ په‌یوه‌ندیه‌كی مێژووییان هه‌یه‌، هه‌وڵ ده‌ده‌ین بۆ جارێكی دیكه‌ به‌رده‌وامی بده‌ینه‌وه‌ به‌و په‌یوه‌ندییه‌ مێژووییه‌ی له‌گه‌ڵ گه‌لی میسر هه‌مانه"

له‌ لایه‌كی تره‌وه‌ ماڵپه‌ڕی (یه‌نی شه‌فه‌قی) توركی بڵاوی كرده‌وه‌ دوێنێ هه‌ینی خوڵوسی ئاكار وه‌زیری به‌رگری توركیا دوای به‌ربانگكردنه‌وه‌ی هێزه‌ تایبه‌ته‌كان رایگه‌یاندووه‌، "په‌‌یوه‌ندیه‌كانی نێوان توركیا و میسڕ به‌ره‌و پێش ده‌چن، له‌ ماوه‌یه‌كی نزیك ده‌گاته‌ ئاستێكی به‌رز".

له‌ به‌شێكی تری قسه‌كانی دا وه‌زیری به‌رگری روونی كردۆته‌وه‌، "په‌یوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ میسر ده‌بێته‌ په‌یوه‌ندی دۆستانه‌ و متمانه‌ ده‌به‌خشێت، هه‌ندێك ده‌ترسێنێت، دۆست دڵخۆشده‌كات، له‌گه‌ڵ گه‌لی میسر په‌یوه‌ندی برایانه‌ و دۆستانه‌ به‌های هاوبه‌ش كۆمان ده‌كاته‌وه‌، كه‌ ناتواندرێت لێكیان جودا بكه‌ینه‌وه‌"

سه‌باره‌ت به‌ په‌یوه‌ندی رابردوویان رایگه‌یاندووه‌، "له‌وانه‌یه‌ له‌به‌ر هه‌ندێك هۆكار په‌یوه‌ندییه‌كان وه‌ستابن، به‌ڵام من دڵنیام له‌ ماوه‌یه‌كی كورت ئه‌وه‌ تێده‌په‌ڕێت، په‌یوه‌ندییه‌كان ده‌گاته‌ ئاستێكی زۆر به‌رز". روونیشی كرده‌وه‌ به‌ره‌و پێشچوونی په‌یوه‌ندیه‌كان زۆر سودبه‌خش و پێویسته‌ بۆ گه‌لی توركیا و لیبیا و میسڕ" .

له‌ لایه‌كی تره‌وه‌ ماڵپه‌ڕی (ئارتی) بڵاوی كرده‌وه‌ مه‌ولود چاوشئۆغلۆ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا به‌ كه‌ناڵی (ئێن تی ڤی) رایگه‌یاندوه‌ ، ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ هه‌یه‌ له‌ ماوه‌یه‌كی نزیك له‌گه‌ڵ سامح شوكری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی میسڕ كۆببێته‌وه‌، ده‌رباره‌ی داهاتووی په‌یوه‌ندییه‌كانیشیان ئاماژه‌ی، له‌ ماوه‌یه‌كی زۆر كورت په‌یوه‌ندیه‌كانی توركیا و میسڕ ئاسایی ده‌بنه‌وه‌.

سه‌باره‌ت به‌ دیاریكردنی باڵیۆزه‌كانیان وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا گوتی‌" گفتوگۆمان ده‌رباره‌ی ئه‌و پرسه‌ نه‌كردووه‌، له‌ داهاتوو له‌سه‌ر ئاستی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و دیبلۆماتكاران كۆبوونه‌وه‌ ده‌كرێت بۆ ئه‌و پرسه‌" سه‌باره‌ت به‌كاته‌كه‌شی رایگه‌یاند، "تا ئێستا كاته‌كه‌ی دیارنییه‌، دواتر گفتوگۆی له‌سه‌ر ده‌كه‌ین".

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین