سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ مه‌كته‌بى سیاسى پارتى كۆبووه‌وه‌ کوردستانی

نوچه‌نێت

له‌ درێژه‌ى كۆبوونه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانى كوردستان، ئه‌مڕۆ نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان سه‌ردانى مه‌كته‌بى سیاسى پارتى دیموكراتى كوردستانى كرد و له‌گه‌ڵ ئه‌و پارته‌ كۆمه‌ڵێك بابه‌تى تاوتوێى كرد.

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ پێنجى ئایار، نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان به‌ یاوه‌رى جێگرانى سه‌ردانى مه‌كته‌بى سیاسى پارتى كرد و له‌لایه‌ن فازڵ میرانى سكرتێرى مه‌كته‌بى سیاسى پارتى و ئه‌ندامانى مه‌كته‌بى سیاسى ئه‌و حزبه‌ پێشوازى لێكرا.

ئه‌م سه‌ردانه‌ى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان دواى ئه‌وه‌ دێت له‌ دوو رۆژى رابردوو سه‌ردانى هه‌ر یه‌كه‌ له‌ كۆمه‌ڵى دادگه‌ریى كوردستان و یه‌كگرتووى ئیسلامى و بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان و یه‌كێتى نیشتمانى و حزبى سۆسیالیستى كردووه‌.

سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌سه‌ر سه‌ردانه‌كه‌ى نێچیرڤان بارزانى بۆ لاى پارتى راگه‌یێندراوێكى بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ ئه‌مه‌ ده‌قه‌كه‌یه‌تى:
 

له‌ به‌رده‌وامیى سه‌ردان و كۆبوونه‌وه‌كانیدا له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان، به‌یانیى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 2021/5/5 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، به‌ یاوه‌ریى به‌ڕێزان جێگرانى سه‌رۆك، سه‌ردانى مه‌كته‌بى سیاسیى پارتى دیموكراتى كوردستانیان كرد و له‌لایه‌ن به‌ڕێز فازل میرانى سكرتێر و ئه‌ندامانى مه‌كته‌بى سیاسیى پارتى دیموكراتى كوردستانه‌وه‌ پێشوازییان لێكرا.

له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا پرۆسه‌ى سیاسى و دۆخى هه‌رێمى كوردستان به‌گشتى، ڕۆڵى پارتى له‌ كاركردن بۆ كه‌مكردنه‌وه و نه‌هێشتنى ناكۆكیى نێوان لایه‌ن سیاسییه‌كان و هه‌نگاونان به‌ره‌و پته‌وكردنى ته‌بایى و یه‌كڕیزیى نێوانیان، دروستكردنى میكانیزم و چوارچێوه‌یه‌كى نیشتمانى بۆ كۆكردنه‌وه‌ى لایه‌نه‌كان به‌ هه‌موو بیروبۆچوونه‌ جیاوازه‌كانه‌وه‌ تا پێكه‌وه‌ به‌ره‌وڕووى ته‌حه‌دییه‌كانى ئێستا و داهاتوو ببنه‌وه‌، ئاماده‌كردنى ده‌ستوورى هه‌رێمى كوردستان، هه‌ڵبژاردنه‌كانى داهاتووى عێراق و چه‌ند پرسێكى دیكه‌، تاوتوێ كران.

سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى جه‌ختى له‌ ڕۆڵى پارتى و پێگه‌ى گرنگ و به‌رپرسیارانه‌ى بۆ به‌دیهێنانى ته‌بایى و یه‌كڕیزیى نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان و ئارامى و سه‌قامگیریى سیاسى له‌ هه‌رێمى كوردستان كرده‌وه‌ كه‌ ده‌توانێت له‌مباره‌یه‌وه‌ ده‌سپێشخه‌ر و كارا بێت و ڕۆڵێكى ئه‌رێنیى به‌رپرسانه‌ و نیشتمانى بگێڕێت.

لاى خۆیه‌وه‌ مه‌كته‌بى سیاسى پارتى دیموكراتى كوردستان، وێڕأى ستایشى و ده‌ستخۆشى، هه‌موو پشتگیرییه‌كى خۆى بۆ ئه‌رك و ده‌ستپێشخه‌ریى سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى و سه‌رۆكایه‌تیى هه‌رێمى كوردستان و هه‌وڵدانیان له‌پێناو ته‌بایى و پێكه‌وه‌یى و یه‌كڕیزیى لایه‌ن و پێكهاته‌ كوردستانییه‌كاندا دووپات كرده‌وه‌ و هیواى سه‌ركه‌وتنیان بۆ خواست، هاوبه‌شى و به‌شداریى كاراى پارتیشیان بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ به‌ ئه‌رك و به‌رپرسیاریه‌تیى پارتى له‌ قه‌ڵه‌م دا.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین