عێراق لە پلەی دووەمی جیهاندایە لە پەرەپێدانی بۆڕی نەوت ئابووری جیهان

نوچە نێت

بەڕێوبەرایەتیی زانیاری وزەی ئەمەریکا (EIA) ڕایگەیاند، "عێراق وەک دووەم چالاکترین وڵاتی جیهان دەرکەوتووە لە بواری پەرەپێدانی بۆڕی نەوتدا، چین پلەی یەکەمی بەرکەوتووە".

ڕۆژی دووشەممە (21/نیسان/2025) ماڵپەڕی (شەفەق نیوز) بڵاویکردەوە، تا کۆتایی ساڵی ڕابردوو عێراق (4,010) کیلۆمەتر بۆڕی نەوتی پەرەپێداوە، نزیکەی (1,155) کیلۆمەتر لە ژێر دروستکردندایە، (2,855) کیلۆمەتر لە قۆناغی پێشنیارکراودایە. 

هاوکات عێراق ئامادەکاری دەکات بۆ دەستپێکردنی سێیەم بۆڕی دەریایی کە لەلایەن وەزارەتی نەوتی ئەم وڵاتەوە دیزاین کراوە و لە توانای دایە (2) ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا زیاد بکات بۆ توانای هەناردەکردنی نەوتی خاو لە دامەزراوە عەمبارکراوەکانەوە بۆ بەندەری فاو.

جێگەی ئاماژە پێدانە لە ئێستادا عێراق (15) بۆڕی نەوتی خاو بە درێژایی (2,090) میل بەڕێوە دەبات، لەگەڵ )10( بۆڕی بەرهەمی پاڵاوتن کە کۆی گشتی (1,530) میل دەبێت.

لە لایەکی ترەوە ئۆپێک ڕایگەیاند، لە بەرزترین نرخی هەناردەکردنی نەوتی خاو لە مانگی ئاداری (2025) عێراق لە نێو بەرهەمهێنەرانی عەرەبی پلەی سێیەمی بەدەستهێناوە. داتاکانی ئۆپێک دەریدەخەن کە تێکڕای نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی عێراقی گەیشتووەتە (73.82) دۆلار و لە دوای هەریەک لەسعودیە و کوەیت دێت.

نرخی نەوتی خاوی عەرەبی سعودیە بە (76.07) دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک لە پلەی یەکەمی لیستەکەیە، دوای ئەویش کوەیت بە (75.36) دۆلار دێت، دوای عێراقیش نرخی نەوتی خاوی موربان لە جەزائیر بە (72.84) دۆلار لە پلەی چوارەمدا دێت و نەوتی خاوی موربان ئیمارات بە (72.63) دۆلار لە پلەی پێنجەمدایە. نەوتی خاوی لیبیاش بە (71.19) دۆلار لە پلەی شەشەم دێت.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین