ئێران: دانوستاندنەکانمان لەگەڵ ئەمەریکا دەچێتە قۆناغێکی ترەوە ئێران

نوچە نێت

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، هەفتەی داهاتوو دانووستاندنەکان لەگەڵ ئەمەریکا لەسەر ئاستی تەکنیکی دەستپێدەکەنەوە. هاوکات وەزیری دەرەوەی ئێرانیش دەڵێت، "لە دانووستاندنەکاندا پێشکەوتن هەیە".

ڕۆژی یەکشەممە (20/نیسان/2025) ماڵپەڕی (ئێرنا) بڵاویکردەوە، ئیسماعیل بەقائی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، تەنها دوای دوو گەڕی گفتوگۆ دانووستاندنەکان بەرەو قۆناغی تەکنیکی دەچن ئەمەش ئەوە دەردەخات کە لایەنەکانی دانووستاندنکار گەیشتوونەتە تێگەیشتنێکی تەواو لەسەر یاسا بنەڕەتییەکان.

بەرپرسانی ئێران دەڵێن، دانووستاندنەکان دەرفەتێکی خێرا دەڕەخسێنێت بۆ تێگەیشتن لەوەی ئایا واشنتۆن هەوڵ دەدات داواکاری زیاتر بکات یان نا.

دوێنی دوای گەڕی دووەمی دانووستاندنەکان، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، "ئەمڕۆ دانووستاندنێکی ناڕاستەوخۆی یارمەتیدەر لەنێوان ئێران و ئەمەریکا بە ناوبژیوانی وەزیری دەرەوەی عومان ئەنجامدرا لە کەشێکی بنیاتنەردا، هەردوولا ڕێککەوتین لەسەر دەستپێکردنەوەی دانووستاندنە ناڕاستەوخۆکان لە چەند ڕۆژی داهاتوودا لەسەر ئاستی تەکنیکی و شەممەی داهاتوو جارێکی تر کۆدەبینەوە."

وەزیری دەرەوەی ئێران گوتیشی، "پێشکەوتن بەدیهاتووە، دەتوانم بڵێم دانووستاندنەکان بەرەو پێشەوە دەچن، توانیمان بگەینە تێگەیشتنێکی باشتر سەبارەت بە چەندین بنەما و ئامانج."

جێگەی ئاماژە پێدانە، ئامانج  لە دانووستاندنەکانی نێوان ئێران و ئەمەریکا گەیشتنە بە ڕێککەوتن لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران و لابردنی سزاکانی سەر کۆماری ئیسلامی. 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین