ناڕه‌زاییه‌كان زیاد ده‌بن و داواى ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ى كازمى ده‌كرێت عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

شه‌وى رابردوو له‌ چه‌ند شارێكى عێراق خۆپیشاندان و ناڕه‌زایى به‌ڕێوه‌چوو. خۆپیشانده‌ران داواى ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ى مسته‌فا كازمى سه‌رۆك وه‌زیران ده‌كه‌ن، رۆژنامه‌یه‌كى عه‌ره‌بیش ده‌ڵێ، "دواى سووتانى نه‌خۆشخانه‌كه‌ى به‌غدا ناڕه‌زاییه‌كان له‌ دژى حكومه‌تى كازمى زیادى كردووه‌".

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 29ى نیسان رۆژنامه‌ى "عه‌ره‌بى جه‌دید" راپۆرتێكى له‌سه‌ر ئه‌و خۆپیشاندانانه‌ بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ شه‌وى رابردوو له‌ به‌غدا و چه‌ند شارێكى عێراق به‌ڕێوه‌چوون.

شه‌وى رابردوو له‌ گه‌ڕه‌كى جه‌میله‌ و شوعله‌ و چه‌ند ناوچه‌یه‌كى ترى به‌غدا خۆپیشاندان به‌ڕێوه‌چوو، خۆپیشانده‌ران سه‌ره‌تا بۆ كێشه‌ى كاره‌با رژانه‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان و دواتر دروشمى ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ى مسته‌فا كازمیان به‌رز كرده‌وه‌ و داوایان كرد به‌ زووترین كات به‌رپرسانى سووتانى نه‌خۆشخانه‌ى ئیب خه‌تیب سزا بدرێن.

رۆژى 24ى ئه‌م مانگه‌ به‌هۆى ته‌قینى بوتڵى ئۆكسجین له‌ نه‌خۆشخانه‌ى ئیبن خه‌تیب نه‌خۆشخانه‌كه‌ سووتا و 82 كه‌س گیانیان له‌ده‌ست دا و 110 كه‌سیش بریندار بوون.

به‌هه‌مان شێوه‌ى به‌غدا له‌ شارى ناسرییه‌ باشوورى عێراق و له‌ شارۆچكه‌ى سوێره‌ و پارێزگاى واست خۆپیشاندان به‌ڕێوه‌چوو و خۆپیشانده‌ران ده‌ستیان كرد به‌ سووتاندنى تایه‌ى ئۆتۆمبیل و دروشمى ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ى كازمیان به‌رز كرده‌وه‌.

رۆژنامه‌ى عه‌ره‌بى له‌ راپۆرته‌كه‌ى ده‌ڵێ، شه‌قامى عێراق رقبوونه‌وه‌یه‌كى زۆرى دژى حكومه‌تى كازمى هه‌یه‌ و دواى سووتانى نه‌خۆشخانه‌كه‌ گه‌یشته‌ ئه‌وپه‌ڕى. دوێنێ نوچه‌نێت له‌ هه‌واڵێكدا باسى ئه‌وه‌ كردبوو له‌ رۆژانى داهاتوو پێشبینى ده‌كرێت كێشه‌ى كاره‌با ته‌نگژه‌یه‌ك بۆ حكومه‌تى كازمى دروست بكات، ئه‌م كێشه‌یش هاوینى هه‌موو ساڵێك دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین