ڕوونکردنەوەی زەریف دەربارەی بڵاوبوونەوەی فایلە دەنگییەکە: خۆ سانسۆرکردن بە خیانەت دەزانم ئێران

نوچه‌نێت

وەزیری دەرەوەی ئێران سەبارەت بە کاردانەوە بەرفراوانەکانی دوای بڵاوبوونەوەی فایلە دەنگییەکەی دیمانەکەی، جەختی کردەوە کە لە دەربڕینی ڕوانگەی پسپۆڕانەدا، بەرژەوەندیخوازیی، نەرمینواندن و خۆسانسۆڕکردن بە خیانەت دەزانێت و گوتی، "جیاوازیدانان لە نێوان هێزە چەکدارەکان و دیپلۆماتکاران، بیرتەسکانە و پێچەوانەی تێڕوانینی منە کە مەیدان و دیپلۆماسی بە پشتیوان و تەواوکەری یەکتری دەزانم".

ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٨ی نیسانی ٢٠٢١، ماڵپەڕی "ئێران وایەر" بڵاوی کردەوە، دوای بڵابوونەوەی فایلی دیمانەکەی محەمەد جەواد زەریف لەگەڵ سەعید لەیلاز، چەندین کەسایەتی لە ناوخۆ و دەرەوەی ئێران کاردانەوەیان نیشان دا. 
زەریف لەو دیمانەیەدا سەبارەت بە دەسەڵاتی هێزە چەکدارەکان و دەستوەردانەکانی قاسم سلێمانی فەرماندەی پێشووی فەیلەق قودسی سوپای پاسداران لە سیاسەتی دەرەوەی ئێران هەندێ قسەی کردووە کە ڕەخنەی توندی بەرپرسانی ئێرانی لێکەوتەوە. 
محەمەد جەواد زەریف بەرەبەیانی ئەمڕۆ ٢٨ی نیسان، له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا گوتی: "دابەزاندنی باسێکی هزری دەربارەی پەیوەندییەکانی دوو باڵی پێکهێنەری هێزی کۆماری ئیسلامی، واتە دیپلۆماسی و مەیدان،  کردنی بە بیانوویەک بۆ جیاوازیدانان لە نێوان هێزە چەکدارەکان و دیپلۆماتکاران، نەک بیرتەسکانەیە بەڵکو بە پێچەوانەی تێڕوانینی منە کە مەیدان و دیپلۆماسی بە پشتیوان و تەواوکەری یەکتری دەزانم". 
زەریف دەڵێت خاڵی سەرەکی قسەکانی لەو فایلەدا بریتییە لە "پێویستیی داڕشتنی جۆرێ پەیوەندی زیرەکانە لە نێوان دوو باڵی دیپلۆماسی و مەیدان و دیاریکردنی ئەولەوییەتەکان لە لایەن دامەزراوە یاساییەکانەوە" بوو. هەروەها نووسیویەتی ئەوە لەژێر چاودێری ڕابەری کۆماری ئیسلامیدا دەبێت. 
زەریف لە درێژەیدا سەبارەت بە باس و مشتومڕەکانی دوای بڵاوبوونەوەی ئەو دیمانەیە نووسیویەتی: "زۆر بە داخ بووم کە چۆن باسێکی هزری زۆر نهێنی سەبارەت بە پێویستی لێکنزیککردنەوەی دیپلۆماسی و مەیدان بە مەبەستی کەڵکوەرگرتنی سیاسەتوانانی دواتر لەو ئەزموونانەی هەشت ساڵی ڕابردوو، بووەتە پرسێک بۆ کێشمەکێشێکی ناوخۆیی و هەندێ لایەن ئەو خەسارناسییە ڕاستگۆیانە و خەمخۆرانە وەک ڕەخنەی تاکەکەسی نیشان دەدەن". 
زەریف لەو ڕاگەیێندراوەدا کە بڵاوی کردووەتەوە قاسم سلێمانی وەک "شەهید" ناو بردووە و ڕوو لە گەلی ئێران نووسیویەتی: " نەک ئەمڕۆ و لەبەردەم گەلی مەزنی ئێراندا، بەڵکو لە ماوەی زیاتر لە دوو دەیەی ڕابردوودا، لە ناوخۆ یان دەرەوە، لە پشت دەرگا داخراوەکان یان بە ئاشکرا، لە ئاستی جیهانیدا باسی خۆڕاگریی، مرۆڤدۆستی، ئاشتیخوازی و بوێری شەهید سلێمانیم کردووە". 
زەریف وێرای پشتڕاستکردنەوەی قسەکانی لەو فایلەدا ڕایگەیاند ئاگاداری چۆنییەتی دزەکردنی نیم و گوتویەتی نازانم ئەو فایلە "چۆن لەوپەڕی ئاوەکانەوە سەری هەڵێنا". 
هەندێ لە نوێنەرانی پەرلەمان و ڕەخنەگرانی حکومەتی حەسەن ڕۆحانی، وەزارەت دەرەوەیان لەو بارەوە تۆماتبار کردووە و بە لێنەهاتوو وەسفیان کردووە. 
ڕۆژی ڕابردوو حسێن حەقوەردی، نوێنەری شاری شاریار لە پەرلەمانی ئێران گوتی " سیاسەتەکانی محەمەد جەواد زەریف لە وەزارەتی دەرەوە لە ماوەی ٨ ساڵی ڕابردوودا هیچ دەستکەوتێکیان نەبووە". حەقوەردی وتیشی کە زەریف "لە دوایین مانگەکانی تەمەنی ئەم کابینەیەدا تێچووی قورستر دەخاتە سەر دەستی دەسەڵات". 
ئەو نوێنەرەی پەرلەمان هەڕەشەی لە جەواد زەریف کرد کە باشترە خۆی "ژیرانە" دەستلەکار بکشێتەوە چونکە لێپرسینەوەی لێ دەکرێت و وەلا دەنرێت. 
محەمەد جەواد زەریف لە دەقی نامەکەیدا لە وەڵامی ئەو لێدوانانەدا جەختی لە بەردەوامبوون لە چالاکییەکانی خۆی لە پۆستی وەزارەتی دەرەوەدا کردووەتەوە و نووسیویەتی: "پاراستنی بەرژەوەندییەکانی وڵات و گەلی خۆڕاگر، پشوودرێژ و بوێری ئێران بەڵێنێکە کە تا دوایین چرکە پابەندی دەبم و ترسێکم لە فێڵی ساختەچییان و لۆمەی لۆمەکاران نییە".


 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین