ته‌نگژه‌یه‌كى كۆن له‌ عێراق سه‌رهه‌ڵده‌داته‌وه‌ عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

له‌گه‌ڵ نزیكبوونه‌وه‌ى وه‌رزى هاوین به‌رپرسانى عێراق كه‌وتوونه‌ته‌ خۆ له‌ترسى ئه‌وه‌ى جارێكى تر وه‌ك هاوینه‌كانى رابردوو كێشه‌ى كاره‌با سه‌رهه‌ڵبداته‌وه‌، وه‌زیرى كاره‌باى عێراق رایگه‌یاند، به‌م نزیكانه‌ سه‌ردانى ئێران ده‌كه‌ن بۆئه‌وه‌ى گازى سروشتى هاورده‌ بكه‌ن و كار به‌ وێستگه‌كانى كاره‌با بكه‌ن.

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 28ى نیسان ماڵپه‌ڕى به‌غداد توده‌ى عێراقى لێدوانكى ماجد مه‌هدى وه‌زیرى كاره‌باى عێراقى بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ و ده‌ڵێ، "به‌م نزیكانه‌ سه‌ردانى ئێران ده‌كه‌ین، تا بۆ به‌كارخستنى وێستگه‌كان گازى سروشتى هاورده‌ بكه‌ین".

وه‌زیرى كاره‌باى عێراق روونى كردووه‌ته‌وه‌ ئێستا عێراق ده‌توانێ بڕى 15 هه‌زار میگاوات كاره‌با به‌رهه‌م بهێنێ، كه‌چى وه‌ك شاره‌زایان باسیان كردووه‌ هاووڵاتییانى عێراق پێویستیان به‌ سه‌رووى 22 هه‌زار میگاوات هه‌یه‌.

به‌گوێره‌ى ئه‌و لێدوانانه‌ى ماڵپه‌ڕى به‌غدا توده‌ى عێراقى بڵاوى كردووه‌ته‌وه‌، به‌رپرسانى كاره‌با باس له‌ په‌ككه‌وتنى چه‌ندان وێستگه‌ى كاره‌با له‌ عێراق ده‌كه‌ن، هه‌ندێكیان له‌ كاركه‌وتوون و هه‌ندێكیش به‌هۆى نه‌بوونى گازى سروشتى وه‌ستاون.

ماڵپه‌ڕى به‌غداد توده‌ى ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌یش ده‌كات له‌ چه‌ند شوێنێكى عێراق ناڕه‌زاییه‌ جه‌ماوه‌رییه‌كان له‌به‌ر نه‌بوونى كاره‌با ده‌ستیپێكردووه‌ته‌وه‌، ئه‌مه‌یش وا ده‌كات به‌رپرسانى حكومه‌تى عێراق بیر له‌ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كه‌ بكه‌نه‌وه‌ و نه‌وه‌ك وه‌ك هاوینى ساڵانى رابردوو ناڕه‌زاییه‌كان دروست ببێته‌وه‌.

هه‌ر یه‌كه‌ له‌ حكومه‌تى حه‌یده‌ر عه‌بادى و عادل عه‌بدولمه‌هدى رووبه‌ڕوووى ئه‌و كێشه‌ گه‌وره‌یه‌ بوونه‌وه‌ و له‌ ئه‌نجامیشدا له‌ ماوه‌ى سه‌رۆكایه‌تى ئه‌وان به‌ سه‌دان خۆپێشانده‌ر كوژران و بریندار بوون. هاوینى رابردوو به‌هۆى كه‌ره‌نتینه‌ و بڵاوبوونه‌وه‌ى په‌تاى كۆرۆنا، ئه‌م كێشه‌یه‌ به‌توندى رووبه‌ڕووى حكومه‌تى مسته‌فا كازمى نه‌بووه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر چاره‌سه‌ر نه‌كرێت، ئه‌وا چاوه‌ڕوان ده‌كرێت توندتر به‌رۆكى حكومه‌تى عێراق بگرێت.

له‌ ساڵانى 2018 تا  2020 هه‌موو هاوینێك ناڕه‌زایی و په‌شێویه‌كى زۆر له‌ باشوورى عێراق به‌هۆى نه‌بوونى كاره‌با دروست ده‌بێت، هه‌رچه‌نده‌ 18 ساڵه‌ ده‌سه‌ڵاتى نوێى عێراق به‌ڵێنى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌ى كاره‌با ده‌دات، به‌ڵام تا ئێستا ئه‌و كێشه‌یه‌ چاره‌سه‌ر نه‌كراوه‌ و هۆكاری سه‌ره‌كیش"گه‌نده‌ڵییه‌". به‌گوێره‌ى ئه‌و زانیارییانه‌ى له‌ساڵانى رابردوو بڵاوكراونه‌ته‌وه‌ زیاتر له‌ 50 ملیار دۆلار بۆ چاككردنى كه‌رتى كاره‌با ته‌رخان كراوه‌، بێ ئه‌وه‌ى دۆخى كاره‌با باشتر بێت.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین