ئێران بۆ  فەڕەنسا: ئاگاداری هەنگاوەكانت بە ئێران

نوچە نێت

وەزارەتی دەرەوەی ئێران داوای لە فەڕەنسا کرد، "پێداچوونەوە بە هەنگاوەکانی بکات، ئەمەش چەند ڕۆژێک پێش ئەوەی تاران خولێکی نوێی وتووێژ لەبارەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپا ئەنجام بدات".

ڕۆژی چوارشەممە (هەشتی کانوونی دووەمی/2024) ئاژانسی (رۆیتەرز) بلاویکردەوە، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەڕەنسا ڕایگەیاند، "هەڵمەتی پیتاندنی یۆرانیۆم لە تاران بەردەوامە لە زیادبوون، هۆشداری دا کە هاوبەشە ئەوروپیەکان لە ڕێکەوتنی ئەتۆمی (2015) لەگەڵ ئێران دەبێت بیر لە سەپاندنەوەی سزاکان بکەنەوە ئەگەر هیچ پێشکەوتنێک لە گفتوگۆکاندا بەدی نەهات".

ئیسماعیل باغایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ڕایگەیاند، "پێشبینی کراوە کە بانگەشەی ناڕاست لەلایەن حکومەتێکەوە ببیستین کە خۆی پابەندبوونی بە ڕێکەوتنی ئەتۆمی ڕەتکردۆتەوە و ڕۆڵێکی سەرەکی هەبووە لە بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی لەلایەن ئیسرائیلەوە".

هەریەکە لە فەرەنسا، ئەڵمانیا و بەریتانیا واژۆیان لەسەر ڕێکەوتنی (2015) کرد کە ئێران ڕازی بوو بە کەمکردنەوەی پیتاندنی یۆرانیۆم لە بەرامبەر لابردنی سزا نێودەوڵەتییەکان.

لەوەتەی لەلایەن دۆناڵد تڕەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا سزاکان بۆ سەر ئێران بەهۆی چەکی ئەتۆمی و یۆرانیۆمەوە گەڕێندراوەتەوە، چەندین جار ئێران ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە، "یۆرانیۆم بۆ مەبەستی ئاشتیخوازانە دەپیتێنێت".

بڕیارە لە (13)ی ئەم مانگە دیپلۆماتکارانی فەڕەنسا, ئەڵمانیا و بەریتانیا لەگەڵ هاوتا ئێرانییەکان کۆببنەوە، چاوەڕوان دەکرێت یۆرانیۆم و سزاکانی ئەمەریکا بۆ سەر ئێران پرسی سەرەکی کۆبوونەوەکە بێت.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین