پەمپیۆ: بۆ ده‌رخستنى كاریگه‌ریى كوشتنى سلێمانى پرسیار له‌ زه‌ریف بكه‌ن ئێران

نوچه‌نێت

مایک پەمپیۆ، وەزیری دەرەوەی پێشووی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی فایلێکی دەنگی محەمەد جەواد زەریف وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئێران، لە ئەکاونتی تویتەری خۆیدا نووسی: هێرشی وردی ئیدارەکەی ئێمە بۆ سەر قاسم سلێمانی کاریگەرییەکی بەرفراوانی لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕستدا هەبوو.

ڕۆژی دووشەممە ٢٦ی نیسانی ٢٠٢١، ماڵپەڕی "ڕادیۆ فەرەنسا" بڵاوی کردەوە، پەمپیۆ وێرانی ئاماژە کردن بەوەی کە پێویست ناکات بۆ سەلماندنی ئەو بابەتە، قسەکانی ئەو پشتڕاست بکەنەوە، جەختی کردەوە: بۆ ئەو بابەتە پرسیار لە زەریف بکەن. سەرۆک جۆ بایدن، هێشتا پێی وایە هەڵمەتی کوشتنی سلێمانی هەڵە بووە.

محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە میانەی دیمانەیەکدا لەگەڵ "سەعید لەلیلاز"، یەکێک لە شارەزایانی بواری ئابووری و لایەنگری سیاسەتەکانی کابینەی حەسەن ڕۆحانی باسی لە جیاوازی بیروبۆچوونەکانی خۆی لەگەڵ قاسم سلێمانی کردبوو و ڕایگەیاندبوو بە هۆی گوشارەکانی سلێمانی دیپلۆماسی کردووەتە قوربانیی مەیدان.

زەریف لەو دیمانەیەدا کە بەشێکی پێشتر لە ماڵپەڕی " نوچە نێت" بڵاو کراوەتەوە دەشڵێت قاسم سلێمانی گوێی بە قسەکانی ئەو نەداوە، وەک نموونە ئاماژە بە دەستوەردانی قاسم سلێمانی لە گفتوگۆکانی وەزارەتی دەرەوە لەگەڵ سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا دەکات و دەڵێت: "سلێمانی لیستیك لەو ئیمتیازانەی کە پێویستی بوو پێیدام کە بۆی وەربگرم".بەڵام لە بەرانبەردا سلێمانی هیچ پێشنیارێکی ئەوی قەبووڵ نەکردووە.

زەریف لە درێژەی قسەکانیدا سەبارەت بە دەستوەردانی قاسم سلێمانی لە کاروباری وەزارەتی دەرەوەدا دەڵێت: دوای ڕێککەوتنی ئەتۆمی ساڵی ٢٠١٥ و هەڵوەشانەوەی سزاکان لەسەر کۆمپانیای فڕۆکەوانی نیشتمانی ئێران [هما]، جۆن کێری، وەزیری دەرەوەی ئەو کاتی ئەمریکا، لە حوزەیرانی ٢٠١٦دا ئاگاداری کردووەتەوە کە هاتوچۆی فڕۆکەکانی کۆمپانیای "هما" بۆ سووریا شەش هێندەی پێش ڕێککەوتنەکەیە.

زەریف دەڵێت، " کاتێ بەدواداچوونی بۆ ئەو پرسە کردووە، زانیویەتی کە گەشتەکان بە فەرمانی قاسم سلێمانی ئەنجام دراون. هەروەها دەڵێت کاتێ لەو بارەوە بە قاسم سلێمانی گوتووە لە فڕۆکەکانی کۆمپانیای "ماهان" لە جیاتی کۆمپانیای "هما" کەڵک وەربگرێت، سلێمانی وەڵامی داوەتەوە: "هما سه‌لامه‌تتره‌".
زەریف لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا کە بۆچی حکومەت ڕێگای داوە سلێمانی لە کاروباری فڕۆکەوانی و ژمارەی گەشتەکان بۆ سووریا دەستوەردان بکات، گوتی وەزیری ڕێگاوبان و هەروەها سەرۆک کۆماری ئێران ئاگاداری ئەو دەستوەردانە نەبوون. 


بەگوێرەی قسەکانی زەریف دوای ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئەمریکا لە ساڵی ٢٠١٥، قاسم سلێمانی وەک هەوڵێک بۆ دژایەتی لەگەڵ ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکە سەفەرێکی بۆ مۆسکۆ ئەنجام دا. وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوە کردووە ئەو سەفەرەی سلێمانی لەسەر داوای ڕووسیا و بە بێ چاودێری وەزارەتی دەرەوە ئەنجام درا و بە مەبەستی "لە ناوبردنی دەستکەوتەکەی وەزارەتی دەرەوە" و لەسەر خواست و ئیرادەی ڕووسیا بوو.

 

 

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین