ئەمەریکا بەبڕی (8) ملیار دۆلار چەك بە ئیسرائیل دەفرۆشێت عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچە نێت

کاربەدەستێکی ئەمەریکی ڕایگەیاند، "ئیدارەی جۆ بایدن کۆنگرێسی ئاگادار کردووەتەوە لە پێشنیاری فرۆشتنی چەک بە ئیسرائیل بە بڕی (8) ملیار دۆلار هەیە، واشنتن بەردەوامە لە پشتیوانی کردنی بۆ هاوپەیمانەکەی".

ڕۆژی شەممە (چواری کانوونی دووەمی/2025) ئاژانسی (ڕۆیتەرز) بلاویکردەوە، بەرپرسێکی ئەمەریکی ئاشکرای کرد، "ئیدارەی ئێستای ئەمەریکا ئامانجی فرۆشتنی چەکی بە ئەمەریکا هەیە، ئاکسیوس پێشتریش بڵاویکردبۆوە کە ڕێکەوتنەکە پێویستی بە ڕەزامەندی ئەنجومەنی نوێنەران و لیژنەکانی ئەنجومەنی پیران هەیە و چەک و تەقەمەنی فڕۆکەی جەنگی و هەلیکۆپتەری هێرشبەر و تۆپخانە دەگرێتەوە".

ئەگەرچی خۆپیشاندەران چەند مانگێکە داوای گەمارۆی چەک بەسەر ئیسرائیلدا دەکەن، بەڵام سیاسەتی ئەمەریکا تا ڕادەیەکی زۆر نەگۆڕاوە. لە مانگی ئابدا، ئەمەریکا ڕەزامەندی دا لەسەر فرۆشتنی فڕۆکەی جەنگی و کەلوپەلی سەربازی بە ئیسرائیل بە بڕی (20) ملیار دۆلار.

ئیدارەی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا دەڵێت، "یارمەتی هاوپەیمانەکەی دەدات بۆ بەرگریکردن لە دژی گروپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران وەک حەماس لە غەزە، حیزبوڵڵا لە لوبنان و حووسییەکان لە یەمەن".

لە سەرەتای جەنگی ئیسرائیل و چەکدارانی حەماسەوە واشنتن پاڵپشتی ئیسرائیل بووە، لەو کاتەوە نزیکەی (2.3) ملیۆن دانیشتووانی غەزەی ئاوارە بوون، قەیرانی برسێتی لێکەوتەوە، نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەڵێن، "جینۆساید دژی فەڵەستین ئەنجام دراوە".

بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی غەزە ژمارەی قوربانییان لە سەرەتای جەنگەکەوە زیاترە لە (45) هەزار هاووڵاتی. واشنتن کە گەورەترین هاوپەیمانی ئیسرائیلە و دابینکەری چەک و تەقەمەنی ئیسرائیلە، پێشتر بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانی سەبارەت بە ئاگربەست لە غەزە ڤیتۆ کردبوو.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین