رەجەب تەیب ئەردۆغان پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ ڤلادیمێر پۆتین ئەنجامدا تورکیە

نوچە نێت

سەرۆک کۆماری تورکیا لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ سەرۆکی رووسیا، پەیوەندییەکانی هەردوولا و دوایین پێشهاتەکانی سووریا و پرسە جیهانییەکان تاوتوێ کرد.

ئەمڕۆ سێشەممە (سێی کانوونی یەکەم/2024) ماڵپەڕی (a habar) بڵاویکردەوە، رەجەب تەیب ئەردۆغان پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ ڤلادیمێر پۆتین ئەنجامدا.

بەڕێوەبەرایەتی پەیوەندییەکانی دەرەوەی تورکیا لە ڕاگەیێندراوێکدا ڕایگەیاند، ئەردۆغان لەپەیوەندییەکە بە پۆتینی ڕاگەیاندووە، "پێویستە حکومەتی سووریا خەریکی چارەسەری سیاسی بێت و تورکیاش پشتیوانی یەکپارچەیی خاکی سووریا دەکات و هەوڵەکانیان بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی هەمیشەییە و دادپەروەری لە سووریا دەبێت، پێویستە بوارێکی زیاتر بۆ دیپلۆماسی لە ناوچەکە بکرێتەوە و حکومەتی سووریا خەریکی پرۆسەی چارەسەری سیاسی بێت."

لەبەشێکی دیکەی ڕاگەیێندراوەکە هاتووە سەرۆکی تورکیا ئاماژەی بەوەکردووە، "تورکیا بەردەوام دەبێت لە شەڕکردن دژی پەکەکە، ئەو رێکخراوە تیرۆرستیانە هەوڵدەدەن سوود لە دۆخی سووریا وەربگرن."

ڕاگەیێندراوەکە دەشڵێت، ئەردۆغان سەبارەت بە دواین پێشهاتەکانی سووریا بە پۆتینی راگەیاندووە، "نابێت زیان بە خەڵکی سڤیل بگەیەندرێت و سووریا ببێتە سەرچاوەیەکی نائارامی و هەوڵی ئێمە بۆ دەستەبەرکردنی ئارامییە لە سووریا."

کۆشکی کرێملن سەبارەت بە پەیوەندی ئەردۆغان و پۆتین رایگەیاندووە، سەرۆکی رووسیا بە ئەردۆغانی گوتووە، "پێویستە کۆتایی بە هەڕەشەکانی گروپە تیرۆرستییەکان بهێندرێت لە دژی حکومەتی سووریا و پشتیوانی تەواوی حکومەتی سووریا دەکەن بۆ دەستەبەرکردنی سەقامگیری بۆ ئەو وڵاتە." 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین