دواى کوژرانى یەحیا سینوار کێ دەبێتە سەرۆکى بزووتنەوەى حەماس عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچە نێت

لەدواى راگەیاندنى کوشتنى یەحیا سینوار، سەرۆکى بزووتنەوەى حەماس لە غەزە پرسیار لەسەر جێگرەوەى دەکرێت، تا ئێستا چەند ناوێک باس دەکرێت، پسپۆڕانى ئیسرائیلیش جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە بزووتنەوەى حەماس تا ئێستا رێکخستنێکى کاراى هەیە.

ئەمڕۆ هەینى (18/تشرينى يەکەم/ 2024) ماڵپەڕى (حوڕە) بڵاوى کردەوە، شارەزایانى ئەمنى ئیسرائیل ئاماژە بەوە دەکەن، لەدواى کوژرانى یەحیا سینواریش بزووتنەوەى حەماس خاوەن رێکخستنێکى کارایە، ئەمیر ئەفیفى، کە بەرپرسى رێکخراوى پسپۆڕانى ئاسایشى ئیسرائیلە بە رۆژنامەى مەعاریفى ئیسرائیلى راگەیاندووە، هەڵوەشاندەوەى پەیکەرى رێکخستنەکانى حەماس بە کوشتنى سەرکردە دیارەکانى دیکەش کۆتایى نایەت.

لەدواى راگەیاندنى کوژرانى یەحیا سینوار ناوەندە سیاسیەکان پێشبینى دەکەن، خالید مەشعەل، تەمەن (67) سالأ کە ئێستا پۆستى سەرۆکى مەکتەبى سیاسى حەماس لە دەرەوە بەرێوە دەبات جێگەى سینوار بگرێتەوە.

یەکێکى دیکە لەو کەسایەتیانە محەمەد سینوار، کە یەکێکە لە کۆنترین و دیارترین سەرکردەى کەتیبەکانى عزەدین قەسامە، باڵى سەربازى بزووتنەوەى حەماسە، لەدایکبووى (1975) زۆر بەکەمى لە بۆنە گشتییەکان و راگەیاندنەکان دەردەکەوێت، یەکێکە لە گرنگترین داواکراوەکان لە ئیسرائیل، چەندین جار لە هەوڵى کوشتن رزگارى بووە.

خەلیل حەیە، لە دایکبووى (1960) جێگرى سینورا بوو، لەم دوایە لەژێر چاودێرى ئیسماعیل هەنیە، سەرپەرشتى تیمى گفتوگۆ ناڕاستەوخۆکانى لەگەڵ ئیسرائیل دەکرد، سوپاى پاسدارانى ئێران رایگەیاند، خەلیل حەیە لەگەڵ ئیسماعیل هەنییە بووە، بەڵام هەمان شوقە نەبووە لە کاتى هێرشەکە.

مەحموود زەهار، تەمەن (79) ساڵ دۆست و دوژمنەکانى ناویان لێى ناوە ژەنەڕاڵ، ئەوەش بەهۆى بۆچوونە توندەکانیەتى بەرانبەر ئیسرائیل و نەیارەکانى بزووتنەوەى حەماس، زەهار لە هێرشەکانى ئۆکتۆبەرەوە تا ئێستا چارەنووسى نادیارە, لە ساڵى (2003) لە هەوڵى کوشتن رزگارى بووە.

محەمەد شەبانە، یەکێکە لە سەرکردە سەربازییەکانى حەماس بەرپرسى کەتیبەیەکى سەربازییە لە باشوورى کەرتى غەزە، سەرچاوەکانى حەماس بە رۆیتەرزیان راگەیاندووە، شەبانە رۆڵى گرنگى لە پەرەپێدانى تۆڕى تونێلەکانى بزووتنەوەى حەماس هەبوو، لەو هێرشەى جەلعاد شاڵێتى تێدا رفێندرا لە (2006) بەشدار بوو.

رۆحى موشتەهى، بەهێزترین هاوپەیمانى سینوار و جێگەى متمانەى بوو لە بزووتنەوەى حەماس، پێکەوە یەکەم دەزگاى هەواڵگریان بۆ حەماس لە کۆتایى هەشتاکان دامەزراندووە، بەرپرسى بەدواداچوونى ئەو فەڵەستیانە بوو کە سیخوڕیان بۆ ئیسرائیل دەکرد، چاوەڕوان دەکرێت ببێت بە بەرپرسى بزووتنەوەى حەماس لە غەزە.

یەکێکى دیکە لەو کەسانە مووسا ئەبوو مەرزوقە، یەکێکى لە دامەزرێنەرانى بزووتنەوەى حەماس، چاوەڕوان دەکرێت جێگەى یەحیا سینوار بگرێتەوە، بەگوێرەى ئەنجوومەنى ئەوروپا بۆ پەیوەندییەکانى دەرەوە، سەرەتاى کارى سیاسى لە ئیمارات دەستى پێکردووە، هاوکار بووە لە دامەزراندنى لقى ئیخوان موسلمین لە فەڵەستین، کە دواتر حەماسى لێدرووستبووە.

محەمەد زەیف، یەکێکە لەوانەى گومانى بەهێزى لەسەر رۆڵى سەرەکى هەبووە لە دانانى پیلانى هێرشەکانى حەوتى ئۆکتۆبەرى ساڵى رابردوو، تا ئێستا چەندین جار ناوى بە کوژراو هاتووە، بەڵام حەماس کوشتنەکەى رەتکردۆتەوە، لە لیستى داوا کراوە سەرەکیەکانى ئیسرائیلە، چاوەڕوان دەکرێت جێگەى یەحیا سینوار بگرێتەوە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین