ئەمەریكا داوای وەستاندنی بەپەلەی جەنگ دەكات عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچە نێت

سەرۆکی ئەمەریکا و سەرکردەکانی ئەوروپا داوا دەكەن بە پەلە، "جەنگی ئیسرائیل و چەکدارانی فەلەستین دەستبەجێ کۆتایی بێت" و جەخت گەیاندنی هاوكارییە مرۆییەكان بۆ ناوچە جەنگییەكان دەكەنەوە.

ئەمڕۆ شەممە (19/تشرینی یەکەم/2024) ماڵپەڕی (شەرقولئەوسەت) بڵاویکردەوە، "جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا و سەرکردەکانی وڵاتان تاوتوێی ڕووداوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان کرد، بەتایبەتی کاریگەرییەکانی کوژرانی سینوار، پێویستیی گەڕاندنەوەی بارمتەکان بۆ لای خێزانەکانیان تاوەکو کۆتایی بە جەنگی ئیسرائیل و چەکدارانی حەماس بێت و دڵنیا بن لەوەی هاوکارییە مرۆییەکان دەگاتە دەست هاووڵاتیانی سڤیل".

هەروەها جۆن کێربی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمەریکا گوتی، "بایدن لەو باوەڕەدایە کە کوژرانی سینوار دەتوانێت ببێتە خاڵی گۆڕانکاری گرنگ بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگی ئیسرائیل و چەکدارانی حەماس و ئازادکردنی بارمتەکان".

کێربی گوتیشی، "سوپای ئیسرائیل حەماسی لەناوبردووە و سەرکردەکەی کوشتووە، بایدن لەگەڵ سەرکردەکانی چوار وڵات لە بەرلین کۆدەبنەوە تاوتوێی دەرفەتێکی گەورە دەکەن بۆ وەستاندنی جەنگ و باشتر کردنی داهاتوو". 

گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمەریکا دووپاتی دەکاتەوە، "سوپای ئیسرائیل توانیویەتی سەرکردایەتی حەماس لەناوببات و سەرکردە باڵاکانی بکوژێت، هەڕەشە سەربازییە ڕاستەوخۆکانی حەماس لەناو ببات".

جۆن کێربی جەخت دەکاتەوە لەوەی، "ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بەردەوامە لە کارکردن لەگەڵ هاوبەشەکان لە وڵاتانی جیاوازەوە بۆ گەیشتن بە ئاگربەست و گەڕاندنەوەی بارمتەکان".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین