بەرپرسانى ئێران باس لە قووڵبوونەوەى هەژموونى مۆساد لەناو وڵاتەکەیان دەکەن ئێران

نوچە نێت

وەرگێرانى: ئیسماعیل تەها

نەدیم شینار، نووسەرى تورک لە بابەتێکدا کە رۆژنامەى (حوڕەیەتى) تورکی بڵاوى کردۆتەوە، رەخنەى توند لە هێرشەکانى ئیسرائیل بۆ سەر خاکى لوبنان و ئێران دەگرێت، هۆکارەکەشى بۆ قووڵبوونەوەى سیخوڕەکانى ئیسرائیل لەناو تاران ئەو و ناوچانە دەگێڕێتەوە، کە وەک خۆى دەڵێت، وەک بووکەڵەیان لێ هاتووە بە دەستى تەلئەبیبەوە، نووسەر لەو بابەتەى باس لە لێدوانى ئەحمەدى نەژاد، سەرۆک کۆمارى پێشووترى ئێران و راوێژکارکارێکى حەسەن رۆحانى دەکات لەسەر قووڵبوونەوەى چالاکییەکانى ئەو دەزگا ئیسرائیلییە دەکات.

نووسەر بابەتەکەى لە ژێر ناونیشانى (کۆمارى مۆساد لە ئێران) بڵاوکردتۆتەوە، لەو نووسینە ئاماژە بە لێدوانەکانى مەحموود ئەحمەدى نەژاد دەکات، کە  لە (2021) رایگەیاند بوو، "بەرزترین بەرپرس لەو حکومەتە کە راسپێردرابوو بۆ بەرەنگاربوونەوەى چالاکییەکانى مۆساد، روون بۆوە ئەو بەرپرسەى وڵاتەکەمان سیخوڕە و لە بەرژەوەندى مۆساد کار دەکات.
ئەحمەدى نەژاد ئاشکراى کردووە (20) سيخوڕ لە یەکەیەک کە ئەو بەرپرسە سەرۆکایەتى دەکرد، لە بەرژەوەندى مۆساد کاریان کردووە.
نووسەر دەڵێت، بۆ ساڵى دواتر، عەلى یونسى، راوێژکارى باڵاى حەسەن رۆحانى، سەرۆک کۆمارى پێشووى ئێران و وەزیرى هەواڵگرى رایگەیاند، "لە ماوەى (10) ساڵى رابردوو مۆساد چۆتە چەند یەکەیەکى جیاوازى دەوڵەتەوە، بۆیە ئێستا هەموو بەرپرسانى وڵات پێویستە لە ژیانى خۆیان بترسن." 
ئەو نووسەر تورکە پێیوایە، تواناکانى مۆساد لەناو ئێران وای کردووە، هەڕەشە بکەوێتە سەر عەلى خامنەئی باوکى رۆحى ئێران، ئەوەشە واى کردووە کوشتنى حەسەن نەسروڵڵا گواستنەوەى خامنەئى بۆ شوێنێکى ئارامى بەدواوە بێت.

لە بەشێکى دیکەى قسەکانى ئەو نووسەرە تورکە باس لەوە دەکات، مۆساد لە (2018) دەستى گەیشتە ئەرشیفى بەرنامە ئەتۆمیەکەى ئێران، دوو ساڵ بەر لەو چالاکییە زانیارییان لەسەر ئەو ئەرشیفە لابوو.
نەدیم ئاماژە بە لێدوانەکانى یوسى کۆهین، سەرۆکى پێشووى مۆساد دەکات، کە باسى لە چۆنیەتى مەشقى سیخوڕەکان کردووە، کە چۆن چوونەتە ناو ئەو باڵەخانەى ئەو ئەرشیفەى تێدا بووە، لەدواى کۆکردنەوەى زانیارى توانیان موحسین فەخریزادە، زاناى دیارى بوارى ئەتۆمى ئێران بە چەک بکوژن، کە لە رێگەى زیرەکى دەستکرد کۆنترۆڵ کرابوو، لەدواى چوار ساڵ مۆساد توانى لەناو تاران ئیسماعیل هەنیە، سەرۆکى بزووتنەوەى حەماس لە میوانخانەى سەربە سوپاى پاسادان بکاتە ئامانج، کە بۆ بەشدارى لە رێوڕەسمى دەستبەکاربوونى مەسعوود پزیشکیان، سەرۆک کۆمارى نوێى ئێران لە تاران بوو.

ئەم نووسەر جەخت لەسەر هەندێک شتى دیکەى دەکاتەوە، کە قووڵبوونەوەکە لەو سنوورە نەوەستاوە، سەرچاوەیەکى ئەمنى لوبنانى بە رۆژنامەى "لى پاریزیان"ى فەرنسى راگەیاندووە, بەرپرسێکى ئێرانى زیانرى لەبارەى دواین سەردانى حەسەن نەسڕوڵڵا بۆ دەوروبەرى باشوور لە هەینى داوە بە ئیسرائیل، کە ئەو سەردانە کۆتایى بەژیانى هێنا.
نووسەر لە کۆتاییدا هۆشدارى دەداتە تورکیا بۆ گرتنەبەرى رێکارى ورد بۆ هەموو تاک و دامەزراوەکانى، کە ئەگەرى ئەوە هەیە لە لایەن هەواڵگرى ئیسرائیل بکرێنە ئامانج، کە کۆمەڵکوژى لێ بکەوێتەوە، یاخود وەک ئێرانى لێ بێت، مۆساد بە ئارەزووى خۆی یارى پێ بکات.

سەرچاوە: عەرەبى 21

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین