مەسرور بارزانی: ناحەزان و دوژمنان وەكوو یەك سەیری ئێمە دەكەن کوردستانی

نوچە نێت

سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیێنێت، لەم دواییانە "کە هەوڵ درا مافی پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن هەندێک هێزی ناوخۆ و دامودەزگای فیدراڵی پێشێل بکرێت، ئێمە بە هەموو توانای خۆمانەوە ڕووبەڕووی ئەو هەوڵ و پیلانانە بووینەوە."

ئەمڕۆ پێنجشەممە (پێنجی ئەیلوول/2024) یەکەمین سیمپۆزیۆمی سریانی لە نیشتیمان بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان  لە هەولێر بەڕێوە چوو.

مەسرور بارزانی گوتارێكی پێشكەش كرد و ئاماژەی بەوە كرد كە دوژمنان بە یەك چاو سەیری هەموو پێكهاتەكانیان كردووە، "دەبێ ئێمەش یەكدەست و وەكوو برا بین بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی هەموو تەحەدیات و هەموو ناخۆشییەكان ببینەوە."

سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە (یەکەمین سیمپۆزیۆمی سریانی لە نیشتیمان) گوتیشی، "کوردستان بە درێژایەتیی مێژوو وەکو بێشکەی مرۆڤایەتی هەمیشە نیشتمانی نەتەوە و ئایین و ئایینزای جیاواز بووە. چەندین شارستانییەتی جیاواز، وەکو شارستانییەتی سۆمەری، ئەکەدی، دانی، ئاشووری و سریانی و چەندانی دیکە لەسەر زەمینی کوردستان سەریان هەڵداوە و گەشەیان کردووە".

 

دەقی گوتارەكەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حكومەتی هەرێمی کوردستان:

بەناوی خوای گەورە و میهرەبان

(صپروخون هاوێ بریخا)

خوشك و برایانی بەڕێز، مێوانانی ئازیز و خۆشەویست، بەخێرهاتنێكی گەرمی هەموو لایەكتان دەكەم، بۆ هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان، پایتەختی پێكەوەژیانی ئایین و كەڵتوورە جیاوازەكان، بەخێرهاتنی هەموو ئەو میوانە بەڕێزانە دەكەم كە لە سەرانسەری جیهان تەشریفیان هێناوە بۆ بەشداریكردن لەم سیمپۆزیۆمە، بە تایبەتی بەرپرسان و مامۆستایانی ئاینیی و هەموو كوڵتوورە جیاوازەكان كە لێرە بەشدارن، زۆر زۆر بەخێر بێن. هیوای سەرکەوتن بۆ كۆڕبەندە دەخوازم و دەستخۆشی لە ڕێكخەرانی دەكەم.

دەستخۆشی لە وەزارەتی ڕۆشنبیریی و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ڕۆشنبیریی و هونەریی سریانی دەکەم بۆ ڕێکخستنی ئەم سیمپۆزیۆمە.

ئومێدەوارم ئەو گفتوگۆ و لێکۆڵینەوە و باسانەی لە میانەی ئەم کۆڕبەندەدا پێشکەش دەکرێن، ببنە هۆی زیاتر پەرەپێدانی کولتووری سریانی و لە خزمەتی بەهێزترکردنی گیانی بەیەکەوەژیانی ئاشتیانەی پێکهاتەكانی ئایینی و نەتەوە جیاوازەکانی کوردستان بن.

کوردستان بە درێژایی مێژوو، وەک بێشکەی مرۆڤایەتی، هەمیشە نیشتمانی نەتەوە و ئایین و ئایینزای جیاواز بووە چەند شارستانیەتی جیاواز وەک شارستانی ماددەکان و سۆمەری و ئەکەدی و کلدانی و ئاشووری و سریانی و چەندانی تر، لەسەر زەمینی کوردستان سەریان هەڵداوە و گەشەیان کردووە.

من لە بۆنەی تریش ئاماژەم بەوە داوە کە لە دەڤەری ئێمەدا، لە یەک گونددا، مزگەوت و کەنیسە و کنشت جێگەیان بووەتەوە و باوەڕدارانی ئەم ئایینانە و ئەم کوڵتوورە جیاوازانە، بەیەکەوە ژیاون و جیاوازییەکانی یەکتریان قبووڵ بووە. هەروەها كە پەلاماری كوردستانیش دراوە، جیاوازی لە نێوان ئایین و كوڵتوورە جیاوازەكاندا نەكراوە و هەموویان بە یەك چاو سەیر كراون. كە ناحەزان و دوژمنان وەكوو یەك سەیری ئێمە دەكەن، دەبێ ئێمەش یەكدەست و وەكوو برا بین بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی هەموو تەحەدیات و هەموو ناخۆشییەكان ببینەوە.

لە دوای ڕاپەڕینی ئاداری (1991) و هەڵبژاردنی پەرلەمان و پێكهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە تا ئەمڕۆ، پێکهاتە جیاوازەکانی کوردستانیش بەشدارییەکی دیاریان لە ژیانی سیاسیی و کوڵتووری و کۆمەڵایەتیی کوردستاندا هەبووە و حکوومەتی هەرێم پابەندە بە پاراستن و پەرەپێدانی ئەو دۆخی بەیەکەوەژیانەی کە یەکێکە لە تایبەتمەندییەکانی هەرێمی کوردستان و مایەی شانازیمانە و هەمیشە داکۆکی و پارێزگاری لەم کوڵتوورە جوانە دەکەین و ڕووبەڕووی هەموو جۆرە هزرێکی تووندڕۆیی و جیاكاریش دەبینەوە.

لەم دواییانەش کە هەوڵ درا مافی پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن هەندێک هێزی ناوخۆ و دامودەزگای فیدراڵی پێشێل بکرێت، ئێمە بە هەموو توانای خۆمانەوە ڕووبەڕووی ئەو هەوڵ و پیلانانە بووینەوە و سەرەنجام بەشێک لە مافە زەوتکراوەکان گەڕێندرانەوە و پشت بە خوا و خەڵکی نیشتمانپەروەری کوردستان، لە خولی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان، ئومێدمان وایە كە ماف و نوێنەرایەتیی پێكهاتەكانی كوردستان لە بواری پەرلەمانی و ئیداریی هەرێمدا بە شێوەیەكی شایستەتر بچەسپێنین.

هیوادارم بە هەموومانەوە کار بکەین بۆ زیاتر پەرەپێدان و بەهێزکردنی هزر و گیانی پێکەوە ژیان و چەسپاندنی ئاشتی و تەبایی و بنەماکانی دیموکراسی و یەکتر قبووڵکردن و ڕێزگرتن لەو بەها پیرۆزانەی کە دەبنە هۆی زیاتر پێشخستنی نیشتمانەکەمان و پاراستنی قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان.

جارێکی دیکەش دەستخۆشی ئەنجامدانی ئەم كۆڕبەندانەتان لێ دەکەم و بەڵێن دەدەین کە وەک هەمیشە، گرنگی بە زمان و ڕۆشنبیریی سریانی و زمان و کوڵتوور و فەرهەنگ و ڕۆشنبیریی گشت پێکهاتە جیاوازەكانی کوردستان بدەین.

زۆر سوپاس، جارێكی تر سوپاسی ئامادەبوونتان دەكەم، هەر شاد و سەركەوتوو بن، وڵاتەكەشمان هەر ئاوەدان بێت. 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین