ئەمەریکا هەڕەشەی جێهێشتنی دانوستاندنەکانی جەنگی ئیسرائیل و حەماس دەکات عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچە نێت

بەرپرسێکی باڵای ئەمەریکی ڕایگەیاند، ئەگەر ڕێککەوتنی کۆتایی لە نێوان حەماس و ئیسرائیل نەکرێت، جێهێشتنی دانووستاندنەکان لە لایەن وڵاتەکەمان وەك نێوەندگیر ئەگەرێکی بەهێزە.

ڕۆژی دووشەممە (دووی ئەیلوول/2024) ماڵپەڕی (شەفەق نیوز) بڵاویکردەوە، بەرپرسێکی باڵای ئەمەریکا ئاشکرای کرد، "ئامانجی هەریەکە لە ئەمەریکا، میسر، قەتەر کۆتایی هێنانە بە جەنگی ئیسرائیل و چەکدارانی حەماس، ناتوانین بەردەوام بین لە گفتوگۆکردن لەسەر ئەم پرسە ئەگەر ڕێککەوتنی کۆتایی نەکرێت".

بەرپرسەکە ئەوەشی ئاشکرا کرد، "ئەگەر هەردوولا (ئیسرائیل و حەماس) ڕێکنەکەون، ئەوا لەوانەیە دانووستاندنەکان بە سەرۆكایەتیی ئەمەریکا کۆتایی بێت".

جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا و یاریدەدەرەکانی هەوڵیان داوە بۆ ڕازیکردنی ئیسرائیل و حەماس بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێک و ئازادکردنی بارمتەکان، هەروەها زیندانییەکان و ڕاگەیاندنی ئاگربەست، "چەندین جار وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا سەردانی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی کردووە بۆ گفتوگۆی جیاواز و گەیشتن بە ڕێککەوتن یان ڕاگەیاندنی ئاگربەست".

جێگەی ئاماژەپێدانە دوێنێ یەکشەممە ئیسرائیل دۆزینەوەی تەرمی شەش بارمتەی لە تونێلەکانی غەزە ڕاگەیاند، کە یەکێکیان بە ڕەگەز ئەمەریکی بوو، دواتر لە خۆپیشاندانێكدا خێزانی بارمتە و بەدیل گیراوەکان بنیامین ناتەنیاهوویان بەوە تۆمەتباركرد، کە لە پێناو مانەوەی سیاسی خۆی و سەرکەوتنی بەسەر حەماس هەوڵ بۆ گەیشتن بە ڕێکەوتن نادات کە ئیسرائیلییەکان چاوەڕێ دەکەن.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین