تورکیا بە مەرج ئاوارەکان رەوانەى سووریا دەکاتەوە شیکاری

نوچە نێت

وەرگێرانى: دنیا ئەحمەد

تورکیا لەبەرنامەیدا هەیە هەموو ئەو پەنابەرە سووریانەی لە وڵاتەکەیاندا هەیە بیاننێرتەوە، ئەگەر هاتوو حکوومەتی سووریا گەرەنتی گەرانەوەی سەلامەت و گەرانەوەی ماڵ و ملکیان بکات، ئەمەش مەرجی سەرەکی ئەنقەرە دەبێت لە ئەگەری دەستپێکی ئاسایبونەوەی پەیوەندی نێوانیان. 

 ئێستا لەنێو میدیاکانی تورکیا بە چڕی باس لە ئەگەری کۆبوونەوەی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا و بەشار ئەسەد، سەرۆکی سووریا دەکرێت، هەروەها لە ئەنقەرە زۆر بەجددی کار لەسەر قۆناغەکانی گەرانەوەی زۆرینەی پەنابەرانی سووری لە تورکیا دەکرێت. 

یوجەل کەیائۆغڵو، رۆژنامەنووس لە هەواڵێکدا رایگەیاندووە، لە ئەگەری هەر هەنگاوێک بۆ یەکگرتنەوەی سیاسەتەکانی هەردوو وڵات، کۆمپانیا بازرگانییەکانی تورکیا داوادەکەن مۆڵەتی کارکردن و ئیقامە بدرێتە ئەو پەنابەرانەی نایانەوێت بگەرێنەوە سووریا، هەروەها قۆناغەکان دەستی پێکردوو، یەکەم جار ناویان لە ئاسایش تۆماردەکرێت دواتریش دەستدەکرێت بە رێکارە یاساییەکان وەک خۆگونجاندنی کلتوری ئەو وڵاتە و زمان و کارکردن و شوێنی مانەوە. 

هەروەها لە قۆناغی دووەمدا سەبارەت بە گەرانەوەی زۆرینەی پەنابەرانی سووری پەیوەستە بەو کۆبوونەوە و رێککەوتنەی لەگەڵ بەشار ئەسەد ئەنجامدەدرێت، لەئێستادا زیاتر لە سێ ملیۆن و نیو پەنابەری سووری لە تورکیادا دەژین و تورکیاش لەسەرەتای دەستپێکردنی ئاسایبوونەوەی پەیوەندییەکان داوا لە ئیدارەی سووری دەکات کە دەبێت مەرجی گەرانەوەی سەلامەت و گەرەنتی سەلامەتی گیانیان و گەرانەوەی مڵک و ماڵیان بۆ دابینبکرێت و ئەوکات بگەرێنەوە ئەمەش مەرجی سەرەکی دەبێت و هەردوولاش چەند هەنگاوێک جێبەجێ دەکەن وەک هاندانێک بۆ گەرانەوەی سوورییەکان. 

هەر بەوهۆیەشەوە وەزارەتی دەرەوەی سووریا بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و رایگەیاندووە " ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکانی هەردوو وڵات پەیوەستە بە گەرانەوەی دۆخی پێش ساڵی (2011) ئەمەش دەبێت لەسەر بنەمای ئاسایش و سەقامگیری سووریا و تورکیا بێت، سوپاسی تورکیا دەکەین بۆ دەستپێشخەری هەوڵەکانیان بۆ ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکان هەروەها سووریا هەمووکات ئامادەیە بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکانمان و دەستپێشخەری ئەرێنیمان هەبووە و هەنگاوی جددی دەنێین." 

هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە لێدوانێکیدا سەبارەت بە گەرانەوەی سووریەکان گوتی، "دیدگای سەرۆکەکامان دیدگایەکی ئاشتییە، داوای لە بەرزترین ئاست کردووە بۆ ئاشتی و بانگەوازێکی زۆر گرینگە دەمانەوێت بە زووترین کات وەڵامی بانگەوازەکەمان بدرێتەوە و ئێمە هەمان هەڵوێستمان بەرامبەر بە ئۆپۆزستۆن هەیە و ئەو ناوچانەی کە لەژێردەستیاندایە ئەوبرایانەمان لەوێوە رێگری لە پەنابەرانی سووری دەکەن کە زیاتر نێنە ناو خاکی تورکیا."

هەفتەی ڕابردوو رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا لە لوتکەی ناتۆ رایگەیاند کە هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیای راسپاردووە کە کاربکات لە چوارچێوەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ دەسەڵاتدارانی سووریا. 

سەرچاوە: ماڵپەری T24

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین