راوێژکاری خامنەیی بۆ ئیسرائیل: ئەگەر هێرش بکەنە سەر حزبوڵڵا بەهەموو تواناوە بەشدار دەبین ئێران

نوچەنێت

راوێژکارێکی رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران هۆشداری دەدات، کە ئەگەر ئیسرائیل هێرشێکی سەرتاسەری لە دژی حزبوڵڵای لوبنان دەستپێبکات، مەترسی دەستپێکردنی "شەڕێکی ناوچەیی" هەیە، کە کۆماری ئیسلامی و "بەرەی خۆڕاگری" بە "هەموو توانایەوە" لە پاڵ حزبوڵڵا دەوەستێت.

ڕۆژی سێشەممە (2/تەمموز/2024)  رادیۆفەردا لە راپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، کەمال خەڕازی، راوێژکاری عەلی خامنەیی بۆ کاروباری دەرەوە و وەزیری پێشووی دەرەوەی ئێران، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەی فاینەنشیاڵ تایمز، کە رۆژی سێشەممە بڵاوکراوەتەوە، رایگەیاندووە، کە تاران "خوازیاری شەڕێکی ناوچەیی نییە"، بەڵام لە ئەگەری پەرەسەندنی شەڕە بۆ هەموو ناوچەکە "هەموو وڵاتان لەوانە ئێران تێدا بەشدار دەبن".

کەماڵ خەڕازی دەڵێت، لە دۆخێکی وادا ئێمە "جگە لە پشتیوانیکردنی حزبوڵڵا هیچ بژاردەیەکەمان نییە". پێشیوایە، کە فراوانبوونی شەڕ "لە بەرژەوەندی هیچ لایەنێک نییە؛ نە ئێران، نە ئەمریکا".

بڵاوکراوەی ئەڵمانی "بیڵد" بە پشتبەستن بە سەرچاوە دیپلۆماسییەکان پێشبینی کردووە، کە شەڕی ئیسرائیل لە دژی حزبوڵڵای لوبنان لە ناوەڕاستی مانگی تەمموز دەستپێدەکات.

لەم چەند هەفتەیەی رابردوو نیگەرانی شەڕێکی سەرتاسەری لە نێوان ئیسرائیل و حزبوڵڵا چڕتر بووەتەوەە و وڵاتانی رۆژاواش لە ئەگەری جۆری کاردانەوەی ئێران لە ئەگەری روودانی شەڕێکی لەو شێوەیە نیگەران کردووە.

 لۆید ئۆستین، وەزیری بەرگری ئەمریکا، هەفتەی رابردوو لە دیدارێکدا لەگەڵ هاوتا ئیسرائیلیەکەی، کە بە سەردانێک لە ئەمریکا بوو، هۆشداریدا کە بەردەوامبوونی هێرشە رۆژانەییەکانی حزبوڵڵا بۆ سەر ئیسرائیل لە چەند مانگی رابردوودا، دەتوانێت ئیسرائیلییەکان و لوبنانییەکان بخاتە ناو شەڕێکی نەخوازراو.

شاندی کۆماری ئیسلامی ئێران کە بنکەکەی لە نەتەوە یەکگرتووەکانە لە نیویۆرک، چەند رۆژ پێش ئێستا لە پەیامێکدا لە کەناڵی ئێکس بە ئیسرائیل هۆشداریدا، کە لە ئەگەری هەنگاونان بەرەو شەڕێکی هەمەلایەنەی تەواو لە دژی حزبوڵڵا، شەڕێکی لەو شێوەیە "وێرانکەر" دەبێت.

کەمال خەرازی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ فاینەنشیاڵ تایمزدا روونی نەکردوەتەوە، کە کەڵک وەرگرتنی ئێران لە "هەموو ئامرازێک بۆ پشتیوانی لە حزبوڵڵا" مانای چییە.

یۆئاڤ گاڵانت، وەزیری بەرگری ئیسرائیل، هەفتەی رابردوو لە سەردانەکەیدا بۆ باکوری ئیسرائیل رایگەیاند، چاوەڕێی چارەسەری سیاسی بۆ ئەو پرسەین، بەڵام سوپا بۆ هەر ئەگەرێکی دیکە ئامادەیە.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین