وەزیری نەوتی ئێران: نەوت هەناردەی 17 وڵات دەکەین ئێران

نوچەنێت

وەزیری نەوتی ئێران، لە کاتێکدا پرسی فرۆشتنی نەوتی هەرزانی ئەم وڵاتە بە چین جارێکی دیکە لە بانگەشەی هەڵبژاردن دەڵێت، فرۆشتنی نەوت تەنیا بە چین نییە و ئەو داشکاندنەی پێشکەش دەکرێت زۆر کەمە.

ڕۆژی سێشەممە (2/تەمموز/2024) ئەلعربیە لە هەواڵێکدا بڵاویکردەوە، جەواد ئەوجی رایگەیاندووە، کە ئێمە نەوت بۆ 17 وڵاتی جیهان هەناردە دەکەین و بڕی داشکاندنەکان لە پەنجەکانی دەستی من کەمترە. بە جەختکردنەوە لەوەی کە وڵات لە "شەڕی ئابووری"دایە، ناتوانین ئامار و ژمارەکان و هەروەها کڕیارانی نەوت رابگەیەنین. ئەو قسانەی لە وەڵامی هەواڵی هەناردەکردنی نەوت بۆ ئەوروپا خستەڕوو.

وەزیری نەوتی ئێران هەروەها دەڵێت، 800 سزای نوێ سەپێندراون. دەڵێن داشکاندن دەکەن، بەڵام بەخوا ئەو داشکاندنەی کە دەڵێن، لە پەنجەکانی من کەمترە.

ئەوجی رێژەی بەرهەمهێنانی نەوت بە 3 ملیۆن و 670 هەزار بەرمیل لە رۆژدا راگەیاند دەشڵێت، هەر حکومەتێک لە ئەمریکا بێتە سەرکار، کاریگەری لەسەر فرۆشتنی نەوتی ئێران نابێت.

پرسی داشکاندنی تایبەت لە نرخ بۆ فرۆشتنی نەوتی ئەم وڵاتە بە چین کە بووەتە کڕیاری سەرەکی، لە مشتومڕەکانی نێوان کاندیدی ریفۆرمخوازەکان (مەسعوود پزیشکیان) بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆمار و کاندیدی بناژۆخوازەکان (سەعید جەلیلی). رۆژی دووشەممە مەجید ئەنساری، ئەندامی ریفۆرمخوازەکان لە ئەنجومەنی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی ئێران رایگەیاند: 26 ملیۆن دۆلار رۆژانە لە گیرفانی خەڵکی ئێرانەوە بۆ چین بە داشکاندن لە فرۆشتنی نەوت، دەدرێت.

ناوەندی ئاماری ئەورووپا لەم دواییانەدا هاوردەکردنی نەوتی ئێرانی لە لایەن دوو وڵاتی ئەندامی یەکێتیی ئەوروپا "بولگاریا و پۆڵەندا"و هەروەها تورکیا دوای چوار ساڵ راگەیاند. جۆرجیا، کە وەک ئەندامێکی چاودێر لە یەکێتی ئەوروپا وەرگیراوە، لەمساڵدا 544 تەن نەوت و بەرهەمی نەوتی لە ئێرانەوە هاوردە کردووە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین