ئێران بۆ چارەسەرکردنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی 16 مانگ دەرفەتی ماوە ئێران

نوچەنێت

سێ وڵاتی زلهێزی ئەوروپی رۆژی دووشەممە، دوای کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایش سەبارەت بە بڕیارنامەی 2231، داوایان لە ئێران کرد کە پەرەدان بە ناکۆکییە ئەتۆمییەکان رابگرێت و بۆ پابەندییەکانی لە چوارچێوەی رێککەوتنی ئەتۆمی ناسراو بە بەرجام بگەڕێتەوە.

رۆژی سێشەممە (25/حوزەیران/2024) رادیۆفەردا لە راپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، رۆبێرت وود، جێگری باڵیۆزی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشدا رایگەیاند: راپۆرتەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی ئەوە پیشان دەدەن، کە ئێران سوورە لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی بە شێوەیەک کە هیچ بەکارهێنانێکی ئاشتیانەی باوەڕپێکراوی نییە، پەرەپێبدات.

جێگری باڵیۆزی ئەمریکا لە درێژەدا رایگەیاندووە، پێویستە ئێران کارێک دەستپێبکات کە متمانەی نێودەوڵەتی لێبکەوێتەوە و گرژییەکان کەم بکاتەوە، نەک ئەوەی لە چالاکییە ئەتۆمییەکان کە مەترسیی جددی بڵاوبوونەوەی هەیە بەردەوام بێت.

وود جەختی لەوە کردەوە، کە واشنتۆن ئامادەیە هەموو رێکارێکی پێویست بۆ رێگریکردن لە دەستڕاگەیشتنی ئێران بە چەکی ئەتۆمی بەکاربهێنێت. هەروەها ئەمریکا بە تەواوی پابەندە بە چارەسەرکردنی نیگەرانییە نێودەوڵەتییەکان، سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران لە رێگەی دیپلۆماسییەوە.

ئەڵمانیا، بەریتانیا و فەرەنسا لە بەیاننامەکەیاندا رایانگەیاند: ئەنجومەنی ئاسایش کۆبوونەوەیەکی بۆ پێداچوونەوە بە جێبەجێکردنی بڕیارنامەی 2231 ئەنجامدا کە بنچینەی رێککەوتنی ئەتۆمی ئێرانە و پابەندییە ئەتۆمییەکانی ئێران دیاری دەکات، ئەنجام دا. بڕیارە ئەم بڕیارنامەیە لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی داهاتوودا کۆتایی پێبێت. لەبەرئەوە 16 مانگی داهاتوو بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی دیپلۆماسی لە پەیوەندی لەگەڵ قەیرانی ئەتۆمی ئێران زۆر بەگرنگ دەزانێت.

ئەم وڵاتانە وێڕای جەختکردنەوە لەسەر دیپلۆماسی لە بەرامبەر بە ئێران، رایانگەیاندووە: ئێران دەبێ بە شێوەی جددی و بەپەلە لە پابەندبوونەکانی خۆی بەرامبەر دیپلۆماسی و پابەندبوونە یاساییەکان، لەو 16 مانگەی کەماوە پێش تەواوبوونی بڕیارنامەکە رێزی لێبگرێت.

باربارا وودوارد، باڵیۆزی بەریتانیاش لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، "ئێمە هێشتا پابەندین بە رێککەوتنە ئەتۆمییەکە و ئێرانیش دەبێت هەمان پابەندبوون پیشان بدات. ئێمە بەردەوام دەبین لە پاراستنی هەموو بژاردە دیپلۆماسییەکان و بەردەوام دەبین و لە ئەگەری پێویست بوون، میکانیزمی "ماشە" پێش تشرینی یەکەمی 2025  چالاک دەکەینەوە".

میکانیزمی "ماشە" یان میکانیزمی "سنەپ بەک"ی بڕیارنامەی 2231 ئەنجومەنی ئاسایش لە ساڵی 2015دا، رێگە بە گەڕانەوەی دەستبەجێی سزاکانی ئەنجومەنی ئاسایش بۆ سەر ئێران پێش تشرینی یەکەمی ساڵی داهاتوودا دەدات.

سەرچاوە: رادیۆفەردا

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین