ئێران بە شێوەی کرداری وەڵامی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی دەداتەوە ئێران

نوچەنێت

ژمارەیەک سەرچاوەی دیپلۆماسی بە رۆیتەرزیان راگەیاندووە، کە ئێران بە "زیادکردنی" توانای پیتاندنی یۆرانیۆم لە دوو بنکەی ژێرزەوی، وەڵامی بڕیارنامەی هەفتەی رابردووی ئەنجومەنی بڕیاردانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی داوەتەوە.

رۆژی پێنجشەممە (13/حوزەیران/2024) یۆرۆنیوز لە هەواڵێکدا بڵاویکردەوە، رۆژی چوارشەممە 5ی مانگ، ئەنجومەنی بڕیاردانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی، بڕیارنامەی دژ بە ئێرانی پەسەند کرد، کە لە لایەن سێ وڵاتی بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا پێشنیار کرابوو و مەبەست لەوەش زیادکردنی فشارەکان بۆ سەر ئێران بووە و هاوکات داوای لە تاران کرد "دەستبەجێ، بە تەواوی و بەبێ دوو دڵی هاوکاری لەگەڵ ئاژانسەکە بکات" و سنووردارکردنەکانی ئەم دواییەش لەسەر پشکنەرەکانی ئاژانس هەڵبگرێت.

ئێران لە 18 پێش ئێستا وەڵامی بڕیارنامەیەکی هاوشێوەی دایەوە، کە لەلایەن ئەنجومەنی بڕیاردانی ئاژانسەکەوە پەسند کرابوو، بە بەرزکردنەوەی ئاستی پیتاندن بۆ 60% کە نزیکە لە پلەی بەکارهێنان بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی، هەروەها فراوانکردنی زیاتری بەرنامەی پیتاندنەکەی خۆی وەڵامی دایەوە.

پێنج دیپلۆماتکار لە چاوپێکەوتنیان لەگەڵ ئاژانسی رۆیتەرز رایانگەیاندووە، ئێران بەنیازە ئەمجارە سانتریفیوژ یان تاڤگە-ی (تایبەت بە پیتاندنی یۆرانیۆم) لە هەردوو بنکەی پیتاندنی ژێرزەی خۆی دابنێت. سەرەڕای ئەمەش، یەکێک لەو دیپلۆماتکارانەی کە لە ڤیەننایە، بە ئاماژەدان بە چالاکییەکانی ئەم دواییەی ئێران، دەڵێت، کە "ئەوەندەی کە چاوەڕێم دەکرد نییە".

ناوبراو کردەوەی ئەم دواییەی ئێران بە "نزمترین ئاستی چاوەڕوانییەکان" وەسف دەکات ودەڵێت: ئێمە تەواو دڵنیا بووین کە ئەوان لە هەر حاڵەتێکدا تەنانەت بەبێ بڕیارنامەکە کارێکی لەم شێوەیەیان دەکرد.

ئەم دیپلۆماتکارانە بە ئاماژەدان بە گیانلەدەستدانی ئیبراهیم رەئیسی سەرۆک کۆمار و حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان وەزری دەرەوەی ئێران لە "رووداوی" کەوتنەخوارەوەی هەلیکۆپتەرەکەیاندا لە مانگی رابردوو و هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆکایەتی لە ئێران، پێیان وابوو کە پێدەچێت تاران هەر جۆرە پەرەسەندنێکی مشتومڕاوی چالاکییەکانی بۆ دوای دەستبەکاربوونی حکومەتی نوێ دواخستبێت.

بە گوتەی ئەوان، رۆژی پێنجشەممە پشکنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی، کە بەرەوپێشچوونی چالاکییەکانی ئێران چاودێری دەکەن، راپۆرتێک لەو بارەیەوە پێشکەش بە ئەندامانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی بکەن.

سەرچاوە: یۆرۆنیوز

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین