هاوڵاتییەکی فەرەنسی لە ئێران ئازاد کرا ئێران

نوچەنێت

هاوڵاتییەکی فەرەنسی کە ماوەی دوو ساڵ لە ئێران زیندانی بوو، شەوی رابردوو ئازاد کرا و لە گەڕایەوە پاریس.

رۆژی پێنجشەممە (13/حوزەیران/2024) العربیە لە هەواڵێکدا بڵاویکردەوە، لوئی ئارنوو، هاوڵاتی فەرەنسی، کە بۆ ماوەی دوو ساڵ لە زیندانی ئێراندا بوو، چەند کاتژمێرێک پێش ئێستا ئازاد کرا و لە رێگەی وڵاتی عەممانەوە گەڕایەوە پاریس.

بەپێی زانیارییەکان لە بەرامبەر ئازادکردنی ئەم هاوڵاتییە فەرەنسییە، رەنگە بەشیر بی-ئازار، بەڕێوەبەری پێشووی میدیای دەنگ و رەنگی ئێران، کە لە هەفتەی رابردووەوە بە تۆمەتی ئەمنی لە فەرەنسا زیندانی کراوە، لەو وڵاتە دیپۆرت بکرێتەوە.

بەگوێرەی ئاژانسی فەرەنسا، لوئی ئارنوو، گەشتیارێکی فەرەنسی، کە دوو ساڵ لەمەوبەر لە گەشتێکیدا بۆ ئێران زیندانی کرا، ئێوارەی رۆژی چوارشەممە ئازادکرا و سەرلەبەیانی ئەمڕۆ گەڕایەوە فەرەنسا.

ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، رۆژی چوارشەممە ئازادکردنی ئارنوو-ی راگەیاند و هەروەها وێڕای سوپاس کردنی عەممان بۆ نێوەندگیرییەکەی، داوای ئازادکردنی دەستبەجێی سێ هاوڵاتی دیکەی فەرەنسی لە ئێران کرد.

دیپلۆماتکارێک بە ئاژانسی فەرەنسای راگەیاند، ئێوارەی رۆژی چوارشەممە ئارنوو لە زیندانی ئەڤین ئازادکرا و دوای پشکنینی پزیشکێک لە رێگەی عەممانەوە گەڕایەوە بۆ وڵاتەکەی.

ئارنوو تەمەن 30 ساڵ لە مانگی تەمموزی ساڵی 2022 گەیشتووەتە ئێران، بەڵام لە مانگی ئەیلولی ساڵی 2022 لەگەڵ چەند کەسێکی ئەوروپی دیکە بە تۆمەتی بەشداریکردن لە خۆپیشاندانە ناڕەزایەتییەکانی دژی حکومەت، لە دوای کوشتنی مەهسا (ژینا) ئەمینی دەستگیرکران.

هەموو ئەو کەسانەی دیکە کە لەگەڵی دەستگیرکران دوای ماوەیەک ئازادکران، بەڵام ئارنوو بۆ ماوەیەکی زۆر لە دەستبەسەریدا مایەوە تاوەکو لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی رابردوودا سزای پێنج ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرا.

کۆماری ئیسلامی نزیکەی 10 هاوڵاتی رۆژئاوایی زینداندا هێشتووەتەوە و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەڵێن،لەوانە وەک بارمتەی حکومەتی و کەرەستەیەک بۆ موزایەدە لەگەڵ وڵاتانی رۆژئاوا بەکاریان دەهێنێت.

سەرچاوە: العربیە

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین