مەحموود عەباس: ئامانجی خامنەیی قوربانی کردنی فەلەستینییەکانە ئێران

نوچەنێت

مەحموود عەباس، سەرۆکی حکومەتی خۆبەڕێوەبەری فەلەستین، بە توندی رەخنەی لە بۆچوونەکانی عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران، سەبارەت بە هێرشی سەر ئیسرائیل لە 7ی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوو گرت.

رۆژی سێشەممە (4/حوزەیران/2024) رادیۆفەردا لە هەواڵێکدا بڵاویکردەوە، نووسینگەی مەحموود عەباس لە بەیاننامەیەکدا رۆژی دووشەممە جەختی لەوە کردۆتەوە، کە نەتەوەی فەلەستین پێویستی بەو شەڕانە نییە کە لە راستای ئازادی و سەربەخۆیی ئەواندا نەبێت.

عەلی خامنەیی، هەمان رۆژ، وێڕای ستایشی ئۆپەراسیۆنەکانی گرووپی توندڕەوی حەماس و گرووپە فەلەستینیەکانی دیکە رایگەیاند: کە ئەم ئۆپەراسیۆنە کە لە "7ی ئۆکتۆبەر روویدا، بە دیاریکراویی ناوچەکە پێویستی پێبوو".

گرووپی حەماس لە ئۆپەراسیۆنێکدا لە 7ی ئۆکتۆبەردا لەناکاو هێرشی کردە سەر ئیسرائیل و نزیکەی هەزار و 200 هاوڵاتی ئەم وڵاتەی کوشت و 250 کەسیشی بە بارمتە بردە غەززە. 

سوپای ئیسرائیل، دوای ئەو هێرشە ئەم دەستی بە هێرشی بەرفراوان بۆ سەر کەرتی غەززە کرد و ماوەی هەشت مانگە شەڕ و پێکدادان بەردەوامە و تائێستاش زیاتر لە 36 هەزار کوژرا و  83 هەزار بریندار و لەناوچوونی ژێرخانی غەززە بەتەواوی خاپوور کراوە.

نووسینگەی مەحمود عەباس لە وەڵامی لێدوانی خامنەیی دا، جەختی لەوە دەکاتەوە، کە ئەوە فەلەستینییەکانن کە باجی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە دەدەن.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە، لێدوانی وەک ئەوەی خامنەیی "بە روونی باس لەوە دەکات، کە ئامانجیان قوربانیکردنی فەلەستینییەکان و هەزاران منداڵ، ژن و بەساڵاچوو و لەناوبردنی خاکی فەلەستینە".

سەرۆکی حکومەتی خۆبەڕێوەبەری فەلەستین هەروەها دەڵێت، ئەو سیاسەتانەی وەک ئەوانەی کە رێبەری کۆماری ئیسلامی دەریبڕی، "لە خزمەتی ئامانجە نەتەوەییەکانی فەلەستینییەکان بۆ رزگارکردنی قودس نییە".

ئەمە یەکەمجار نییە کە مەحموود عەباس و دەسەڵاتی فەلەستین، رکابەری سەرەکی سیاسی حەماس، بە ئاشکرا رەخنە لە ئێران دەگرن.

سەرچاوە: رادیۆفەردا

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین