چین لەبەرانبەر ئێران پێداگریی لە هەڵوێستی خۆی دەکات ئێران

نوچەنێت

چین سەرەڕای تووڕەیی تاران لە پاڵپشتی نوێبوونەوەی پەکین بۆ پڕوپاگەندای خاکی ئیمارات لەسەر سێ دوورگەی ئێران لە کەنداوی فارس، ئەمڕۆ لەسەر هەڵوێستی خۆی پێداگری کرد.

ڕۆژی دووشەممە (سێى حوزەیران/2024) رادیۆفەردا لە هەواڵێکدا بڵاویکردەوە، چین و ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی هەفتەی رابردوو، کۆبوونەوەیەکی هاوبەشیان ئەنجامدا و لە بڕگەی 26ی بەیاننامەی کۆتاییەکەیدا بانگەشەی ئیمارات لەسەر ئەو سێ دوورگەیە دووبارە کرایەوە.

چین لەم بەیاننامەیەدا، جارێکی دیکە لە هەوڵەکانی ئیمارات بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی ئاشتیانە لەبارەی دوورگەکانی تونبی گەورە، تونبی بچووک و ئەبو موسا، پشتگیری کرد.

دوابەدوای ڕاگەیاندنی ئەم هەواڵە، وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە هەنگاوێکی دەگمەندا گەورەترین هاوبەشی بازرگانی خۆی، باڵێۆزی چینی لە تاران بانگهێشت کرد و بەرامبەر بە "پاڵپشتی دووبارەبوونەوەی" پەکین لە "بانگەشەی بێ بنەما"ی ئیمارات ناڕەزایەتی دەربڕی.

وەزارەتی دەرەوەی ئێران هەروەها بە باڵیۆزی پەکینی راگەیاندووە، کە "بە لەبەرچاوگرتنی هاوکاری ستراتژیکی نێوان تاران و پەکین، پێشبینی دەکرێت حکومەتی چین لەو بارەیەوە پێداچوونەوە بە هەڵوێستی خۆیدا بکات.

بەڵام بە پێی راپۆرتی رۆیتەرز، ماو نینگ، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین، ئەمڕۆ دووشەممە، هەڵوێستی وڵاتەکەی لەم بارەیەوە بە "هەڵوێستێکی جێگیر" ناوبردووە، جارێکی دیکە خوازیاری "چارەسەری ناکۆکییەکان"ی نێوان ئێران و ئیمارات لە رێگەی گفتوگۆ و ڕاوێژەوە بووە.

ماو نینگ، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی لە وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بە ناڕەزایەتی ئێران، رایگەیاندووە، هەڵوێستی پەکین ناگۆڕێت و "ناوەرۆکی پەیوەندیدار لە بەیاننامەی هاوبەشی چین و ئیمارات لەگەڵ هەڵوێستی چین یەکدەگرێتەوە".

نینگ ئاماژەی بەوەداوە، کە "چین و ئێران پەیوەندییەکی بەهێزیان هەیە و چین بۆ پەرەپێدانی هاوبەشی ستراتیژییەکی خۆی گرنگی زۆر دەدات".

چین پێشتریش لە کانوونی دووەمی 2022، بە دەرکردنی بەیاننامەیەکی هاوبەش لەگەڵ وڵاتانی هاوکاری کەنداوی فارس، کە تێیدا خوازیاری "هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی پرسی ئەم سێ دوورگەیە" بوو، ئێرانی تووڕە کرد.

سەرچاوە: رادیۆفەردا

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین