مەسرور بارزانى: هیوادارم چی دیکە کاتەکانمان بۆ دروستکردنی کێشە و ناکۆکییەکان نەفەوتێنین کوردستانی

نوچەنێت

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێوڕەسمى دانانى بناغەى دوو پارکى لە دهۆک ڕایگەیاند، "لە بەغدا بە زۆرینەی لایەنە سیاسییەکان و بەرپرسانی حکومەتی عێراقم گوت، جێگەی داخ و دڵتەنگییە کە تاوەکو ئێستا دانوستاندن لەسەر بابەتی مووچە قەیرانە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و فیدراڵیدا دەکەین."

مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان رۆژی دووشەممە (03-06-2024) لە دهۆک بەردی بناغەی هەردووکى پارکی و بەڕۆشکێ کرد و وتارێکى پێشکەشکرد.

سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان ڕایگەیاند، "پێویستە ئەم مافانە، سرووشتی بن و نەبنە هەواڵەکانی راگەیاندن؛ بەڵکو لە جیاتی ئەمە بە یەکەوە بەرنامە بۆ پێشخستنی عێراق و هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی باشتر دابنێین تاوەکو رکابەری لەگەڵ وڵاتانی کەنداو و وڵاتانی دیکەی جیهان بکەین. هەروەها چۆن بتوانین لە هەموو روویەکەوە وڵاتەکەمان بەرەوپێش ببەین."

 

دەقی گوتارەکەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان: 

بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان

ئامادەبووانی بەڕێز، زۆر خۆشحاڵم جارێکی دیکە لە دهۆکین بۆ دانانی بەردی بناغەی چەند پرۆژەیەک لەنێویشیاندا هەردوو پارکی "ئالۆکا و بەڕۆشکێ". پێش چەند ڕۆژێکیش لە دەڤەری سۆران بووین بۆ دانانی بەردی بناغەی دوو پارکی گرنگ. ئەمەش ئاماژەیە بۆ پابەندبوونمان بۆ جوانترکردن و تەندروستترکردنی شارەکانمان.

ئەم دوو پارکەی ناو شاری دهۆک، چەندان خزمەتگوزاریی گرنگ لەخۆیان دەگرن و خزمەتێکی باش دەگەیەننە دانیشتووانانی شارەکە، چونکە رووبەری هەردوو پارکەکە زۆر فراوانە و هیوادارم ئەم پارکانە ببنە شوێنێکی باش بۆ کات بەسەربردنێکی خۆش. هەروەها تەواوبوونی ئەم دوو پارکە دیمەنێکی دڵڕفێن دەداتە دهۆکی رەنگین و کاریگەریی لەسەر کەشوهەوای ناو شاری دهۆک دەبێت.

بەداخەوە لە ڕووی سەوزاییەوە، هەرێمی کوردستان هێشتا لە ئاستی پێویست و ستانداردە نێودەوڵەتییەکاندا نییە. هەر چەندە پارێزگای دهۆک لەم ڕووەوە لە ناوچەکانی دیکە باشترە؛ بەڵام پێویستە بایەخێکی زیاتر بە زیاترکردنی رووبەری سەوزایی لە هەرێمی کوردستان بدەین.

کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان رێنمایی پێویستی دەرکردووە بۆ زیاترکردنی رووبەری سەوزایی و چاندنی داروبار لە کاتی جێبەجێکردنی پرۆژەکان بە تایبەت لە شوێنەکانی نیشتەجێبوون. دوو ڕۆژی دیکە رۆژی جیهانیی ژینگەیە، ئەم بۆنەیە بە دەرفەت دەزانم بۆ ئەوەی داکۆکی لە پابەندبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکەم لە بواری پاراستنی ژینگەدا کە نابێت تەنها ئەرکی حکومەت بێت، بەڵکو ئەرکی هەموومان و هاووڵاتییان بێت.

خوای گەورە سروشت و ژینگەیەکی جوانی پێداوین، پێویستە بیپارێزین و بە پاکی بهڵێینەوە بۆ ئەوەی نەوەکانی داهاتووش سوودی لێ ببینن. ئێمە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە پێی تواناکان، چەند هەنگاوێکمان بۆ رووبەڕووبوونەوەی دیاردەی گەرمبوونی زەوی و گۆڕانی کەشوهەوا ناوە.

بە گوێرەی شرۆڤە و لێکدانەوەکانی زانایانی ئەم بوارە، ناوچەکەمان یەکێک دەبێت لەو ناوچانەی بە سەختی دەکەوێتە ژێر کاریگەریی گۆڕانی کەشوهەوا، بۆیە هەستاوین بە جێبەجێکردنی ژمارەیەک هەنگاو و ڕێکاری پێویست بۆ ئەوەی رووبەرووی دیاردەی گەرمبوونی زەوی و گۆڕانی کەشوهەوا ببینەوە. بۆ نموونە، هەوڵدان بۆ کۆنترۆڵکردن و بەکارهێنانی ئەو گازانەی لە کێڵگە نەوتییەکانی دەردەچن، دروستکردنی چەندین پۆند و بەنداو و کارکردن بۆ بووژاندنەوەی دارستانەکانی هەرێمی کوردستان، بەڵام پێویستە هەنگاوی زیاتر بنێین و لە هەمووان گرنگتر، بەهێزکردنی فەرهەنگی ژینگەپارێزییە لەنێو گەلی خۆماندا؛ بۆ ئەم چەندەش رۆڵی ڕاگەیاندن، پەروەردە، رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و بەتایبەت ڕۆڵی خێزان و بنەماڵە گرنگە.

بەڕێزان؛ وەکو ئەوەی ئاگادارن، هەفتەی ڕابردوو سەردانی بەغدامان کرد و لەگەڵ بەڕێز سەرۆکوەزیرانی حکوومەتی فیدراڵ و بەرپرسانی دیکەی حکوومەت، سەرۆک و بەرپرسانی هێز و لایەنە سیاسییەکانی دیکەی عێراق کۆبووینەوە. بە شێوەیەکی زۆر ڕوون و ئاشکرا دانوستانمان لەسەر چارەکردنی ریشەیی کێشە هەڵپەسێرداوەکانی نێوان هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق کرد.

لە بەغدا بە زۆرینەی لایەنە سیاسییەکان و بەرپرسانی حکوومەتی عێراقم گوت، جێگەی داخ و دڵتەنگییە کە تاوەکو ئێستا دانوستاندن لەسەر بابەتی مووچە و قەیرانە هەڵپەسێرداوەکانی نێوان هەردوو حکوومەتی هەرێمی کورستان و فیدراڵیدا دەکەین. پێویستە ئەم مافانە، سرووشتی بن و نەبنە هەواڵەکانی ڕاگەیاندن؛ بەڵکوو لە جیاتی ئەمە بە یەکەوە بەرنامە بۆ پێشخستنی عێراق و هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی باشتر دابنێین تاوەکو ڕکابەری لەگەڵ وڵاتانی کەنداو و وڵاتانی دیکەی جیهان بکەین. هەروەها چۆن بتوانین لە هەموو ڕوویەکەوە وڵاتەکەمان بەرەوپێش ببەین.

وڵاتەکەمان، وڵاتێکی دەوڵەمەندە و سامانی سرووشتی و ماددیی زۆرمان هەن، تەنها ئیدارەدانێکی باشترمان پێویستە تاوەکو بگەینە ئاستی وڵاتانی پێشکەوتووی جیهان. هیوادارم چی دیکە کاتەکمان بۆ دروستکردنی گرفت و کێشە و ناکۆکییەکان نەفەوتێنین و هەموومان ڕکاربەریی بکەین بۆ زیاتر خزمەتکردنی هاووڵاتییانمان و بەرەوپێشبردنی ئاوەدانی وڵاتەکەمان.

هەر سەرفەراز و سەرکەوتووبن و کوردستانیش هەر ئاوەدان بێت. هیودارم ئەم پارکانە لە هەمووتان پیرۆز بن و لە خزمەتی هەموو هاووڵاتییاندا بن. زۆر سوپاس بۆ ئامادەبوونی هەمووتان. سوپاس.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین