ئەمیندارى عەسائیبى ئەهلى حەق: نابێت کێشەى مووچە بە سیاسى بکرێت کوردستانی

نوچە نێت

قەیس خەزعەلی، ئەمیندارى عەسائیبى ئەهلى حەق رایگەیاند، نابێت پرسی مووچەی خەڵکی کوردستان تێکەڵ بە کێشەی سیاسی بکرێت "چونکە ئەمە مافی گەلی کوردمانە."

ئەمڕۆ پێنجشەممە (30/ئايار/2024) لەدواى کۆبوونەوەی لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە بەغدا ئەمینداری بزوونتەوەی عەسائیبی ئەهلی حەق لە کۆنگریەکى رۆژنامەوانى گوتى، “بەخێرهاتنی سەردانەکەی سەرۆکی حکومەت دەکەین، پێمانوایە دۆخی وڵات بەشێوەیەکی گشتی بەرەو چارەسەر و پێشکەوتن هەنگاو دەنێت.”

خەزعەلى لە بەشێکى دیکەى قسەکانى جەختى لەسەر ئەوە کردەوە، ئەم چارەسەرییە کێشەکانی هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە، پێموایە بەمدواییە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەنگاوی ئەرێنی ناوە، نەرمینواندنی هەبووە، هەنگاوی پابەندبوون بە بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی بۆ بەجێکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان پەیامێکی روون و ئەرێنی و باش بوو.

سەبارەت بە پرسى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستانیش ئاماژەى بەوە کرد، هەڵوێستی ئێمە لە سەرەتاوە روون بووە، کە پێویستە بابەتی مووچەی خەڵکی کوردستان دوورخرێتەوە لە کێشە سیاسییەکان، چونکە ئەمە مافی گەلی کوردمانە، ئێمە هەستمان بە هەنگاوی باش لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە کردووە، کە بەشێکی ئێستا بۆ میدیا نییە، بەڵام هەنگاوی جیدی و گرنگمان لە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە بەدی کردووە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین