رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی: لەسێدارەدان لە ئێران 50٪ زیادی کردووە ئێران

نوچەنێت

رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی سەبارەت بە سزای لەسێدارەدان رایگەیاند، کە ژمارەی لەسێدارەدانەکان لە سەرانسەری جیهاندا گەیشتووەتە بەرزترین ئاستی خۆی و ئەمەش بە هۆی زیادبوونی بەرچاوی ژمارەی لەسێدارەدانەکان لە ئێران دایە.

رۆژی چوارشەممە (29/ئایار/2024) یۆرۆنیوز لە هەواڵێکدا بڵاویکردەوە، رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی، لە راپۆرتی ساڵانەی خۆیدا سەبارەت بە سزای لەسێدارەدان رایگەیاندووە، کە ژمارەی لەسێدارەدانەکان گەیشتووەتە بەرزترین ئاستی خۆی لە سەرانسەری جیهاندا لە ساڵی 2015ەوە، کە هۆکاری ئەمەش بەرزبوونەوەی بەرچاوی ژمارەی لەسێدارەدانەکانە لە ئێران.

ئەم رێکخراوە کە بارەگاکەی لە لەندەنە، لە ساڵی 2023دا، 1153 حاڵەتی لەسێدارەدانی تۆمارکردووە، کە بەراورد بە ساڵی پێشوو واتە 2022، زیاتر لە 30% زیادی کردووە.

ئەم ئامارە چینی هەژمار نەکردووە، چونکە لەو وڵاتە بە فەرمی ژمارەی لەسێدارەدانەکان راناگەیەندرێت و ژمارەیان بە چەند هەزار کەس مەزەندە دەکرێت.

هەروەها ئەم رێکخراوە نێودەوڵەتییە ئاماژەی بەوەداوە، بڕی سزای لەسێدارەدانیش بە رێژەی 20% زیادیکردووە و بە گشتی 2428 کەسە.

بە پێی راپۆرتەکە، ئەو پێنج وڵاتەی لە ساڵی 2023دا زۆرترین لە سێدارەدانیان هەبووە، چین، ئێران، سعودیە، سۆماڵ و ئەمریکا بوون. تەنها لە ئێران 853 کەس لەسێدارە دراوە، کە نزیکەی 50% زیاترە لە ساڵی 2022.

ئەگنس کالامار، سکرتێری گشتیی ئەم رێکخراوەیە، لە بەیاننامەیەکدا دەڵێت: بەرپرسانی ئێران بێبایەخییەکی تەواو بە گیانی مرۆڤەکان پیشانداوە. بە زیادبوونی لەسێدارەدانەکان لەم وڵاتە بە تاوانەکانی پەیوەست بە ماددە هۆشبەرەکان ئاماژەی دا، کە "کاریگەری جیاکاری" لەسەر هەندێک نەتەوە، لەوانەش کەمینەی بەلووچ هەیە.

هەروەها کالامار، شێوازی خنکاندن بە نایترۆجین بۆ لەسێدارەدان لە ویلایەتی ئالاباما ئیدانە کردووە. بەپێی ئامارەکانی رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی، لە ئەمریکا لە ساڵی رابردوو 24 حاڵەتی لەسێدارەدان جێبەجێکراوە.

سەرچاوە: یۆرۆنیوز

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین