ئێران 30 هێندەی ئاستی دیاریکراوە یۆرانیۆمی پیتاندووە ئێران

نوچەنێت

ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی دەڵێت، ئێران بەردەوامە لە پیتاندنی یۆرانیۆم تا ئاستێکی نزیک لەو ئاستەی کە پێویستە بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی و هاوکارییەکانی تاران لەگەڵ ئەو ئاژانسە شکستی هێناوە.

رۆژی سێشەممە (28/ئایار/2024) العربیە لە هەواڵێکدا بڵاویکردەوە، دوو راپۆرتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی رۆژی دووشەممە دەریخستووە، کە ئێران لەکاتێکدا لە پیتاندنی یۆرانیۆم تا ئاستێکی نزیک لەو ئاستەی کە پێویستە بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی بەردەوامە، کە دیدار و چاوپێکەوتنەکان بۆ باشترکردنی هاوکارییەکانی تاران لەگەڵ ئەو ئاژانسەی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان شکستی هێناوە.

لە یەکێک لە راپۆرتی سێ مانگەی ئاژانسەکە بۆ راپەڕاندنی ئەرکەکانی چاودێری لە ئێراندا هاتووە "لە ساڵی رابردوو هیچ پێشکەوتنێک لە ئاراستەی جێبەجێکردنی ئەو بەیاننامەی هاوبەشەدا کە لە 4ی ئازاری 2023 دەرچووە، بەدی نەهاتووە".

لە راپۆرتەکەدا هاتووە "بەڕێوەبەری گشتی (ئاژانس) بانگهێشتی خۆی بۆ حکومەتی نوێی ئێران و ئامادەیی خۆی بۆ درێژەدان بە دانوستانەکان لە ئاستی باڵا و گفتوگۆی تەکنیکی دواتر کە لەم دواییانەدا دەستیان پێکردووە، نوێ دەکاتەوە".

بەپێی راپۆرتی نهێنی بڵاونەکراوەی ئاژانسەکە، ئێران لە چەند مانگی رابردوودا، یۆرانیۆمی پیتێنراوی زیادکردووە و پرۆسەی پەرەپێدانی بەرنامە ئەتۆمییەکەی خۆی زۆر خێراتر کردووە.

راپۆرتە نهێنییە نوێیەکەی ئاژانسەکە دەریدەخات، کە یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران کە لە مانگی دووی ئەمساڵ 5525.5 کیلۆگرام بووە، لە (11)ی ئایاردا گەیشتووەتە 6201.3 کیلۆگرام و ئەمەش بەو مانایە دەێت، کە بڕی یۆرانیۆمی پیتێنراو 30 هێندەی ئەو ئاستە، کە لە رێککەوتنی ساڵی 2015 دیاریکراوە، زیاترە.

بە پێی ئەم راپۆرتە، دوو دیپلۆماتکاری ئەوروپی رایانگەیاندووە، لە دوای مردنی ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆک کۆماری ئێران، دۆخی دۆسیەی ئەتۆمی ئێران ئاڵۆزتر بووە و لە پێوەندی لەگەڵ درێژەی دانوستانەکان، تاران لەم هەفتەیەدا رایگەیاندووە، تا هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری نوێ لە 28ی مانگی داهاتوو، پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەم دەزگا نێودەوڵەتییە رادەگرێت.

نیگەرانییەکان سەبارەت بە چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران لەکاتێکدا زیادتر بووە، ئەم وڵاتە لە خێراکردنی پیتاندنی یۆرانیۆم بە پاکی 60% ، کە نزیکە لەو ئاستە 90%ەی کە پێویستە بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی، بەجۆرێک کە ئێران یۆرانیۆمی پیتێنراوی پێویستی هەیە بۆ گەیشتن بەم ئاستە بەدەستهێناوە.

سەرچاوە: العربیە

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین