ئێران سەرەڕای گەمارۆکان بڕیاری بەرهەمهێنانی زیاتری نەوت دەدات ئێران

نوچەنێت

حکومەتی ئێران لە دوایین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئابووری رایگەیاند بە "پلانی خێرا" و سەرەڕای سزا نێودەوڵەتییەکان، بەنیازە بەرهەمی نەوتی خۆی بەرز بکاتەوە.

رۆژی یەکشەممە (26/ئایار/2024) ئێران ئینتەرناشناڵ لە راپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، حکومەتی ئێران لە دوایین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئابووری رایگەیاند بە "پلانی خێرا" و سەرەڕای سزا نێودەوڵەتییەکان، بەنیازە بەرهەمی نەوتی خۆی بۆ چوار میلیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا بەرز بکاتەوە.

بە پێی هەواڵنێری فەرمی ئێرنا، لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئابووری، کە رۆژی شەممە بە سەرپەرشتی محەممەد موخبر، (سەرۆککۆماری بەوەکالەتی ئێران) بەڕێوە چوو، بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی لە سێ ملیۆن و 600 هەزار بەرمیلەوە بۆ چوار میلیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا پەسەند کرا. ئامانج لەم بڕیارەش وەدەستخستنی داهاتی زیاتری نەوتە.

بەپێی ئەم پلانە، بەرهەمهێنانی 400 هەزار بەرمیل نەوتی لە رۆژدا، دەبێت بە سەرمایەی سێ ملیار دۆلار تەنها لە ئەمساڵدا بکرێت و "پێویستە ئەمش بە ئەولەویەتی بەشداریی خەڵک جێبەجێ بکرێت".

ئەم بڕیارەی تاران لە دۆخێک دایە، کە ئێران تەنانەت پێش کشانەوەی ئەمریکا لە رێککەوتنی ئەتۆمی (بەرجام) و سەپاندنەوەی دووبارەی گەمارۆکانی ئەمریکا بۆ سەر ئەم وڵاتە، بە دەستی نەهێنابوو.

مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2023، جەواد ئەوجی، وەزیری نەوتی ئێران رایگەیاند، رۆژانە 3.4 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو رۆژانە بەرهەمدەهێنن، کە نزیکەی 1.2 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا زیاترە لە ناوەڕاستی ساڵی 2021.

بەڵام هەم ئۆپێک و هەمیش ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە بەرهەمهێنانی نەوتی خاوی ئێران، لە مانگی ئەیلولی ساڵی رابردوودا بە 3.1 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا راگەیاند.

بەشێک لە چاودێران لەو باوەڕەدان کە ئیدارەی بایدن لەبەر دوو هۆکار، بەرامبەر بە کڕینی نەوتی ئێران لە چینەوە کاردانەوەی نابێت. یەکەم، سەپاندنی سزای توند بەسەر پەکیندا دەبێتە تەحەدا و دووەمیش واشنتۆن هەوڵی رازیکردنی ئێران دەدات تا ئەو رادەیەی تاران سیاسەتێکی دوژمنکارانە نەگرێتەبەر و بەدوای پەرەپێدانی بەرنامە ئەتۆمییەکەی نەکەوێت.

هەر بە گوتەی چاودێران، بایدن هەروەها نیگەرانە لەوەی رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئێران دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی یەدەگی نەوت و بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە چەند مانگی پێش هەڵبژاردنە چارەنووسسازەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکا.

سەرچاوە: ئێران ئینتەرناشناڵ

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین