ئێران و ئەمریکا لە عەممان کۆدەبنەوە ئێران

نوچەنێت

دوو بەرپرسی باڵای ئەمریکا لەم هەفتەیەدا بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ بەرپرسانی ئێرانی لە عومان کۆبوونەتەوە.

ڕۆژی شەممە (18/ئایار/2024) رادیۆفەردا لە راپۆرتێکدا بڵاویکردۆتەوە، دوو سەرچاوەی ئاگادار رۆژی رابردوو بە بڵاوکراوەی ئەکسیۆسیان راگەیاندووە، کە دوو بەرپرسی باڵای ئیدارەی جۆ بایدن لەو هەفتەیەدا بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ بەرپرسانی ئێرانی لە عەممان باسیان لە چۆنیەتی پێشگرتن لە پەرەسەندنی ململانێکانی ناوچەیی کردووە.

ئەکسیۆس بە گێڕانەوە لەو سەرچاوەانە نوسیویەتی، ئەو وتووێژانە بە ئامادەبوونی برێت مەکگۆرک، راوێژکاری باڵای بایدن لە بواری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەبرام پیلی، جێگری نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران ئەنجام دراون.

بەپێی ئەکسیۆس، خولی یەکەمی ئەم دانوستانانەی نێوان ئەمریکا و ئێران لە مانگی یەکی ئەمساڵدا لە عومان ئەنجامدراوە.

لە مانگی ئاداری ئەمساڵ میدیاکان رایگەیاند، کە مەکگۆرک لەگەڵ پیلی لەگەڵ عەلی باقری کنی، جێگری وەزیری دەرەوە و بەرپرسی دانوستانە ئەتۆمییەکانی ئێران وتووێژیان ئەنجامداوە.

خولی یەکەمی دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا، بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ بەڕێوەچووە و بەرپرسانی عەممان پەیامی لایەنەکانی بۆ یەکتر گواستووەتەوە.

بەپێی ئەکسیۆس، مەکگۆرک رۆژی سێشەممە گەیشتە شاری مەسقەت و لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە کۆبووەوە. هەروەها تا ئێستا دیار نییە کێ لە ئێرانەوە لەم خولەی دانوستانەدا ئامادە دەبێت.

ئەم دانوستانانە دوای مانگێک لە هێرشی تۆڵەسەندنەوەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل بەڕێوەدەچێت.

دوو سەرچاوە کە ئاگاداری بابەتەکەن بە ئەکسیۆسیان گوتووە، ئەم دانوستانە "روونکردنەوە لەبارەی دەرئەنجامی کردەوەکانی ئێران و بریکارەکانی لە ناوچەکە و هەروەها تاوتوێکردنی نیگەرانییەکانی ئەمریکا، لەبارەی دۆخی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران، تەرکیز دەکات.

کەمال خەرازی، راوێژکاری باڵای رێبەری کۆماری ئیسلامی، هەفتەی رابردوو، لەچاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنی هۆشداریی دا، کە "ئەگەر بوونی ئێران بکەوێتە مەترسییەوە، رەنگە بە سیاسەتی ئەتۆمی خۆیدا بچێتەوە".

متیۆ میلەر دەڵێت، ئەمریکا بە هەر شێوازێک بێت دڵنیایی دەدات، کە ئێران هەرگیز دەستی ناگاتە چەکی ئەتۆمی.

لەم بارەیەوە، ودانت پاتل، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، دووشەممەی رابردوو جەختی لەوە کردەوە، کە ئیدارەی جۆ بایدن "رێگای بۆ پەیوەندی کردن لەگەڵ ئێران، کاتێک لەئاراستەی بەرژەوەندی وڵاتدا بێت، هەیە". 

پاتل دەڵێت، کە سەرکردایەتی کۆماری ئیسلامی هێشتا "بڕیارێکی بۆ دەستپێکردنەوەی بەرنامەی چەک (ئەتۆمی) کە لە کۆتایی ساڵی 2003 سڕکردبوو یان راگیرا" نەداوە. 

بەگوێرەی ئاکسیۆس، کۆشکی سپی و وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، لە لێدوان لەسەر دانوستانەکانی عەممان خۆیان بواردووە.

سەرچاوە: رادیۆفەردا

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین