عێراق  لێبوردنی تایبەت بۆ ژنانى زیندانیکراو دەربکات هەواڵ

نوچەنێت

وەزارەتی دادی عێراق هەوڵەکانی سەبارەت بە بڕیاری یاسای لێبووردنی تایبەت بۆ ژنان و منداڵان دەستپێکردووە، بۆ ئەم مەبەستە لیستێکی کۆکردووەتەوە.

ڕۆژی چوارشەممە (15/ئایار/2024) ماڵپەڕی (شەفەق نیوز) بڵاویکردەوە، ئەحمەد لعێبی، گوتەبێژی وەزارەتی دادی عێراق ڕایگەیاند، "لیستەکە نزیکەی (400) ژن و منداڵی زیندانی لە زیندانەکانی عێراقدا لەخۆدەگرێت، کە بە سێ ساڵ یان کەمتر سزا دراون و یەک ساڵیان ماوە بۆ تەواوکردنی سزایەکەیان".

گوتەبێژەکە ڕاشیگەیاند، "زیندانییەکان بە سزای جۆراوجۆر سزا دراون، لەلایەن وەزارەتمانەوە لیستەکە کۆتایی هاتووە، پێویستمان بە وەڵامی فەرمییە لەلایەن سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە".

ساڵی ڕابردوو گفتوگۆ سەبارەت بە لێبووردنی تایبەت بۆ ژنان و منداڵان دەستیپێکرد و ئێستا چڕتر کراونەتەوە، بە گوێرەی بڕگەی یەکەم لە مادەی (73) ی دەستوری کۆماری عێراق، سەرۆک کۆمار دەسەڵاتی هەیە بۆ، "دەرکردنی لێبووردنی تایبەت لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بە مەرجێک ئەوانە نەگرێتەوە کە بەهۆی مافی تایبەت و تاوانی نێودەوڵەتی و تیرۆر و گەندەڵی دارایی و ئیداریەوە حوکمدراون".

پێشتر چەندین جار داوا لە سەرۆک وەزیرانەکانی عیراق کرابوو لێبووردنی گشتی بۆ زیندانیان دەربچێت و چاوەڕوان دەکرێت ئەم هەنگاوەی لێبووردنی تایبەتە بۆ ژنان و منداڵان لە کابینەی ئێستای حکومەتدا بە سەرۆکایەتی محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق جێبەجێ بکرێت.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین