ئەمریکا لەبارەی گرێبەستی کۆمپانیاکانی هیند لەگەڵ ئێران هۆشداری دەدات ئێران

نوچەنێت

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، لە کاردانەوە بە گرێبەستی دە ساڵەی نێوان ئێران و هیند هۆشداری دەداتە کۆمپانیاکانی هیندستان لە پێشێلکردنی سزاکانی ئەمریکا لەسەر ئێران.

رۆژی سێشەممە (14/ئایار/2024) دویچەولە لە هەواڵێکدا بڵاویکردۆتەوە، ڤدانت پاتل، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا راگەیاند: "هەر دامەزراوەیەک یان کەسێک لەبواری مامەڵەی بازرگانی لەگەڵ ئێران لەپەیوەندیدا بێت، پێویستە لەبارەی ئەو مەترسییە بەهێزانەی کە بەم کردەوەیان، خۆیان دەخەنە بەردەم ئەگەری مەترسی گەمارۆکان لەلایەن ئەمریکاوە".

رۆژی دووشەممە، میهرداد بەزرپاش، وەزیری رێگاوبان و شارسازی ئێران و ساربانادا سونووال، وەزیری کەشتیوانی هیند، رێککەوتنێکی دە ساڵەیان بۆ تەیارکردن و کارپێکردنی تێرمیناڵی کۆنتێنەری و کاڵا گشتییەکانی بەندەری شەهید بەهەشتی هەڵکەوتوو لە چابەهار، لە میانی رێوڕەسمێکدا لە تاران واژۆ کرد. 

بەزرپاش لەبارەی بەهای ئەم گرێبەستە بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند "پێش ئەمە بڕی گرێبەستی وەبەرهێنانی هیند 86 ملیۆن دۆلار بووە، کە بۆ 120 ملیۆن دۆلار زیادی کرد. هەروەها بە هێڵی دڵنیانی بە بەهای 250 ملیۆن دۆلار، کۆی گشتی بودجە بۆ 370 ملیۆن دۆلار دابین کردنی سەرچاوەی دارایی بەرزبووەتەوە".

وەزیری رێگاوبان و شارسازی ئێران ئاماژەی بەوەشکردووە، کە ئێران لە رێککەوتنە "رازییە" و بە هیند "متمانەیەکی تەواو"ی هەیە.

چوار مانگ دوای تەواوبوونی گرێبەستی پەرەپێدانی بەندەری چابەهار لە ئێران لەلایەن هیندستانەوە، ئێستا شاندێکی ئەو وڵاتە بۆ واژۆکردنی گرێبەستێکی 10 ساڵە بۆ پەرەپێدانی ئەم بەندەرە و رادەستکردنی بەڕێوەبردنی تێرمیناڵی شەهید بەهەشتی ئێران، بە کۆمپانیایەکی هیندی دەچنە ئێران.

پڕۆژەی پەرەپێدانی بەندەری چابەهار لە دوو دەیەی رابردوودا رووبەڕووی ئاستەنگی زۆر بووەتەوە و لە ماوەی هەشت ساڵی رابردوودا کۆمپانیای "ایندیا پورتس گڵۆباڵ" 85 ملیۆن دۆلاری لەم بەندەرەدا وەبەرهێنان کردووە، لەو بڕە 25 ملیۆن دۆلارە پەیوەندی بە تێرمیناڵی شەهید بەهەشتیەوە هەبووە.

سەرچاوە: دویچەولە

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین