سەرۆك بارزانی: ناكرێ ڕێگری لە ڕۆڵى پێكهاتەكان لە ژیانی سیاسی و پارلەمانیدا بکرێت کوردستانی

نوچەنێت

ئێوارەى ئەمڕۆ (14/ئایار/2024) سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە میتیا لێسكۆڤار باڵیۆزی ڤاتیكان لە عێراق كرد كە بە مەبەستی ماڵئاوایی و كۆتایهاتنی ئەركەكانی سەردانی سەرۆك بارزانی كردبوو.

بارەگاى بارزانى لە ڕاگەیێندراوێکدا دەڵێت، باڵیۆزی ڤاتیكان "سوپاسی ڕۆڵی سەرۆك بارزانی كرد لە هەوڵەكانی بۆ بەدیهاتنی سەقامگیری و هەروەها پاراستنی كولتووری پێكەوەژیان و بەرگریكردن لە مافی پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق، هەروەها پێزانینی هەبوو لەو پێشوازی وئامادەكارییەی بۆ سەردانی قەداسەتی پاپا بۆ هەرێمی كوردستان گیرابووەبەر و سەردانەكەی بە مێژوویی و گرنگ وەسف كرد. ئاماژەشی بەوەدا كە سەرباری ئەوەی گرفت و ئاڵنگاریی لە عێراقدا زۆر هەیە بەڵام لە زۆر بواریشدا پێشكەوتن هەیە كە مایەی دڵخۆشیە و هەرێمی كوردستان و بە تایبەت شاری هەولێری بە نموونەیەك لە سەقامگیری و پێشكەوتن لەقەڵەم دا."

سەرۆک بارزانى لە کۆبوونەوەکەدا ئاماژەى بە سەردانەکەى پاپا بۆ هەرێمی كوردستان و عێراق کرد و ڕایگەیاند "كە گەلی ئێمە شانازی بە كولتووری پێكەوەژیان دەكات و پێویستە ئەو كولتوورە دەوڵەمەندتر بكرێت. سەرۆك بارزانی ئەوەشی خستەڕوو كە كوردستان بە بوونی جیاوازی و ڕەنگاوڕەنگی جوانە و ناكرێ بە هیچ شێوەیەك ڕێگری هەبێت لەوەی پێكهاتەكان ڕۆڵی خۆیان لە ژیانی سیاسی و پارلەمانیدا ببینن."

پڕۆسەی سیاسیی عێراق و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ڤاتیكان تەوەری تری ئەو دیدارە بوون.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین