کۆمیسیۆنی هاوبەشی ئێران و ئیمارات دوای 10 ساڵ کۆدەبێتەوە ئێران

نوچەنێت

کۆمیسیۆنی هاوبەشی ئابووری ئێران و ئیمارات، دوای دروستبوونی گرژی نێوان ریاز و تاران، بۆ یەکەمجار دوای 10 ساڵ کۆدەبێتەوە.

ڕۆژی شەممە (11/ئایار/2024) رادیۆ فەردا لە راپۆرتێکدا رایگەیاند: کۆمیسیۆنی هاوبەشی ئابووریی ئیمارات و ئێران لە سەرەتای مانگی داهاتوو لە ئەبوزەبی بە سەرپەرشتی مێهرداد بەزرپاش وەزیری رێگاوبان و گەشەپێدانی شارەکانی ئێران و عەبدوڵڵا بن التوق ئەلماری، وەزیری ئابووری ئیمارات، دوای دە ساڵ بەڕێوە دەچێت.

ئەم کۆبوونەوەیە لە کاتێکدا بەڕێوەدەچێت، کە تاران لەگەڵ زیادبوونی فشارەکانی ئەمریکا، بەشوێن بەهێزکردنی پەیوەندییە ئابوورییەکانی لەگەڵ وڵاتانی کەنداوی فارسە.

بەگوێرەی زانیارییەکان، پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات لە بواری ڕێڕەوی ترانزێتی نێودەوڵەتی بەتایبەت رێڕەوی باکور– باشوور بە مەبەستی گواستنەوەی کەلوپەلی ئیماراتی بۆ وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست، قەفقاز، رووسیا و ئەوروپا، لە رێگەی ئێرانەوە، لە بەرنامەی کاری ئەم کۆبوونەوەیە دەبێت.

بەپێی ئاماری وەزارەتی رێگاوبان و گەشەپێدانی شارەکان، ئێران لە ساڵی رابردوو، تەنیا 1.5ملیۆن تەن ترانزێتی شەمەندەفەری لە کەلوپەلی بیانی هەبووە، کە زۆربەی ئەو کاڵایانە پەیوەندییان بە گواستنەوەی گۆگردی تورکمانستان بۆ ئاوەکانی باشووری ئێران بووە.

دوبەی دەمێکە یەکێک لە سەرچاوە سەرەکییەکانی پەیوەندی نێوان ئێران و جیهانی دەرەوە بووە، بەڵام پەیوەندییەکانی ئێران و ئیماراتی یەکگرتوو، لە مانگی دیسەمبەری 2015، دوای هێرشی کۆمەڵێک لە لایەنگرانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر شوێنە دیپلۆماسییەکانی سعوودیە لە تاران. ئەبووزەبی هاوکات بۆ پشتگیری ریاز ئاستی پەیوەندییەکانی بۆ بەڕێوەبردنی کارەکان دابەزاند.

لە ساڵی 2019ەوە هەردوو وڵات هەنگاویان بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان ناوە و لە ساڵانی دواتردا ئیمارات باڵیۆزی خۆی لە تاران گەڕاندەوە.

بەپێی راگەیاندنی ئۆفیسی رۆژئاوای رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی رێکخراوی گەشەپێدانی بازرگانی ئێران، بازرگانی نێوان ئێران و ئیمارات لە ساڵی رابردوو نزیکەی 27 ملیار دۆلار بووە، پشکی هەناردەی ئێران بۆ ئەم وڵاتە نزیکەی 6.5 ملیار دۆلار و هاوردەش لە ئیماراتەوە گەیشتووەتە زیاتر لە 20 ملیار دۆلار.

سەرچاوە: رادیۆفەردا

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین