ئه‌مریكا مه‌رجى بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى سزاكانى سه‌ر ئێران هه‌یه‌ ئێران

نوچه‌نێت

جیک سۆلیڤان ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا دەڵێت تا کاتێ ئەمریکا لەوە دڵنیا نەبێتەوە ئێران بەڵێنەکانی خۆی لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی بە تەواوەتی جێبەجێ دەکات، هیچ گەمارۆیەک هەڵناوەشێتەوە. جۆ بایدنیش پێشتر ڕایگەیاندبوو پیتاندنی ٦٠٪ی "یارمەتیدەر" نییە.

ئەمڕۆ دووشەممە ١٩ی نیسانی ٢٠٢١، ئاژانسی هەواڵی "دویچە ولە" بڵاوی کردووەتەوە، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا ئەو قسانەی لە میانەی دیمانەیەکدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوز و لە وەڵامی پرسیارەکان سەبارەت بە گفتوگۆ ناڕاستەوخۆکانی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران و هەوڵەکان بۆ سنووردارکردنی بەرنامەی ئەتۆمی ئەو وڵاتە کردووە.

جیک سۆلیڤان جەختی کردەوە، متمانەکردن بە ئێران دەربارەی جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی بابەتێکی ئێجگار گرنگە.

وتیشی: "ئەو خاڵەی دەمەوێ ئاماژەی پێ بکەم ئەوەیە کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا تا کاتێ لەوە دڵنیا نەبێتەوە کە ئێران بەڵێنەکانی خۆی لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمیدا بە تەواوەتی جێبەجێ دەکات، گەمارۆکان هەڵناوەشێنەوە".

ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا سەبارەت بە وردەکاریی داواکارییەکانی ئەمریکا لە تاران، وتی: "ئەوەی کە ئێران بەرنامەی ئەتۆمی هەڵپسێرێت، ئەوەی کە ئەو هەڵپساردنە بۆ ماوەیەکی درێژتر بێت، ئەوەی کە هەم ڕێژە و هەم ئاستی پیتاندنی یورانیۆم کەم ببێتەوە. تا کاتێ ئێمە لە هەموو ئەوانە دڵنیا نەبینەوە، هیچ ئیمتیازێک نادەین".

پێشتر و دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی پیتاندنی ٦٠٪ی لە لایەن ئێرانەوە، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا و ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە گوتبوویان ئەو هەنگاوەی ئێران لە کاتێکدا گفتوگۆکان لە ئارادان "یارمەتیدەر" نابێت و نیشانەی ئەوەیە کە ئێران بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن "جدی" نییە.

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین