لە هەولێر کچێک کوژرا هەواڵ
کچێک لە لایەن کەسوکارییەوە، لە ناو جێگای خەوی خۆی کوژرا و دایکی دەڵێت، حەوت گولەی لێدراوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە (17/نیسان/2024) کچیک بە ناوی (فەیروز ئازاد) لە لایەن کەسوکارییەوە لە ناو جێگای خەو لە شارەدێی دارەتوو کوژرا. پێشتر ئەم کچە لە لایەن دوو پیاوی تیکتۆکچییەوە لە شوقە فڕێدرایە خوارەوە.

دایک و باوکی کچەکە پێشتر جیابوونەوەتەوە، کچەکە لەگەڵ دایکی و زڕباوکی ژیاوە. 

نازە فەرهاد، دایکی کچەکە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، دوو کوڕە تیکتۆکچییەکە هۆکاری کوشتنی کچەکەم بوون، چونکە پێشتر لە شوقە فڕێیاندابووە خوارەوەو دوێنێ لە زیندان ئازادکراون بۆیە باوکی کچەکەم تەلەفۆنیکرد گوتی، ئەم کوڕانە ئازادکراون بۆیە من کچەکەم دەکوژم. 

دایکی کچەکە دەڵێت" کچەکەم هەڕەشەی کوشتنی لەسەر بوو، لە ترسی ئەوە ماڵ، گواستبووەوە بەڵام هەر دۆزیانینەوە، دوێنێ کچەکەم بەو کوڕانەی گوت بۆچی وێنەتان بڵاوکردووەتەوە باوکم دەم کوژێت".

دایکی کچەکە ئەوەشی ڕاگەیاند کە " بە دوو ئۆتۆمبێل، کە حەوت کەسی تێدابوو، باوکی، برای، خاڵی، کوڕی خاڵ و کوڕی مام و کوڕی پوری فەیروز لە ناو ئۆتۆمبیلەکە بوون".

فەیروز ئازاد، تەمەن 19 ساڵ، لە 18/11/2023، پێشتر لە لایەن دوو تیکتۆکچییەوە لە شوقەکانی ئیسکانەوە فڕێدرایە خوارەوە. دایکی دەڵێت، باوکی گوتی: ئەو کوڕانە ئازاد بکرێن من کچەکەم دەکوژم.

پێشتر دەنگۆی ئەوە هەبوو، کە دایکی کچەکە سوڵحی عەشایەرییان کردووە بەڵام نازە فەرهاد دەڵێت" ئەوە دوورە لە ڕاستییەوەو ئێمە سوڵحمان نەکردووە".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین