سەرۆكى هەرێم لە ساڵيادى كيميابارانكردنى باليسان و شێخ وەسانان راگەيێندراوێكى بڵاوكردەوە کوردستانی

نوچە نێت

سەرۆك نێچيرڤان بارزانى، سەرۆكى هەرێمى كوردستان لەيادى (36)ساڵەى كيميابارنكردنى باليسان و شێخ وەسانان راگەيێندراوێكى بڵاوكردەوە، لەو راگەيێندراوە هاتووە، " كيميابارانكردنى ئه‌و ناوچه‌يه‌ كه‌ هه‌ميشه‌ مه‌كۆى شۆڕش و تێكۆشان بووه‌ دژى سته‌م و دكتاتۆرى و له‌پێناو ئازاديى گه‌لى كوردستاندا قوربانيى زۆرى داوه‌"

ئەمڕۆ سێشەممە (16/نيسان/2024) سەرۆكى هەرێمى كوردستان راگەيێندراوێكى لە ساڵيادى كيميابارانكردنى باليسان شێخ وەسانان بڵاوكردەوە، تێيدا جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە، كيميابانكردنى ئەو ناوچەيە دەستپێكى تاوانى كيميابانكردنى خەڵك و خاكى كوردستان بوو.

دەقی راگەیێنراوەکەی سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان‌:

ئه‌مڕۆ 16ـی نيسان، له‌ يادى به‌ئازارى (37) ساڵه‌ى كيميابارانكردنى باليسان و شێخ وه‌سانان و دۆڵى خۆشناوه‌تيدا، دروود بۆ گيانى پاكى شه‌هيدان و سڵاو بۆ‌ كه‌سوكارى سه‌ربه‌رزيان و ته‌واوى قوربانى و به‌ركه‌وته‌كانى ئه‌و تاوانه‌ى ڕژێمى پێشووى عێراق ده‌نێرين و به‌ ڕێزه‌وه‌ ياديان ده‌كه‌ينه‌وه‌. 

 كيميابارانكردنى ئه‌و ناوچه‌يه‌ كه‌ هه‌ميشه‌ مه‌كۆى شۆڕش و تێكۆشان بووه‌ دژى سته‌م و دكتاتۆرى و له‌پێناو ئازاديى گه‌لى كوردستاندا قوربانيى زۆرى داوه‌، سه‌ره‌تا و ده‌سپێكى تاوانى كيميابارانكردنى خه‌ڵك و خاكى كوردستان بوو كه‌ بووه‌ لاپه‌ڕه‌يه‌كى ڕه‌شى مێژووى ئه‌نجامده‌رانى و نيشانه‌ى سته‌ملێكراويى گه‌لى كوردستان.

 خه‌ڵكى جوامێر و نيشتمانپه‌روه‌رى باليسان و شێخ وه‌سانان و دۆڵى خۆشناوه‌تى وه‌ك هه‌موو گه‌لى كوردستان، نه‌ك هه‌ر به‌ كيمياباران و ژەهراويكردنى خاك و ئاو و ئاسمانه‌كه‌ى كۆڵيان نه‌‌دا، به‌ڵكو خۆڕاگرانه‌ تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ و درێژه‌يان به‌ تيكۆشان دژ به‌ سته‌م و دكتاتۆرى دا،  بۆيه‌ شايسته‌ى باشترين خزمه‌ت و گرنگيپێدانى زياترن‌. 

سڵاو بۆ ئه‌و هه‌موو خه‌ڵكه‌ دڵسۆزه‌ى له‌ كاتى كيمياباراندا يارمه‌تيى قوربانييانيان دا و گيانى خۆيان خسته‌ مه‌ترسى، بۆ ئه‌وه‌ى بريندار و به‌ركه‌وتووان تيمار بكه‌ن. گيانى پيرۆزى شه‌هيدان شاد و ياديان هه‌ميشه‌ به‌ خێر.

نێچيرڤان بارزانى

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان

2024/4/16

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین