مەسرور بارزانى: سوپاسی خۆڕاگری و پشوودرێژیی خەڵکی نیشتمانپەروەری هەرێمی کوردستان دەکەم کوردستانی

نوچەنێت:

ڕۆژی سێشەممە (9ـی نیسانی 2024) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەبۆنەى جەژنى ڕەمەزان پەیامێکى بڵاوکردەوە و دەڵێت، بەبۆنەی هاتنی جەژنی پیرۆزی ڕەمەزانەوە، گەرمترین پیرۆزبایی لە گشت موسڵمانانی كوردستان و عێراق و جیهان دەكەم، بە تایبەتی پیرۆزبایی لە پێشمەرگە قارەمانەکان و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و کەسوکار و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان و ئەنفالکراوان دەکەم.

دەقی پەیامەکەی مەسرور بارزانى، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان:

بە بۆنەی هاتنی جەژنی پیرۆزی ڕەمەزانەوە، گەرمترین پیرۆزبایی لە گشت موسڵمانانی كوردستان و عێراق و جیهان دەكەم، بە تایبەتی پیرۆزبایی لە پێشمەرگە قارەمانەکان و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و کەسوکار و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان و ئەنفالکراوان دەکەم.

هیوادارم جەژن ببێتە مایەی خۆشی و شادی و خۆشگوزەرانیی بۆ خەڵکی کوردستان و کۆتاییهاتنی هەموو شەڕ و ناخۆشی و نەهامەتییەک لە جیهان.

سوپاسی خۆڕاگری و پشوودرێژیی خەڵکی نیشتمانپەروەری هەرێمی کوردستان دەکەم کە هاوکار و یارمەتیدەرمان بوون لە تێپەڕاندنی ئەم دۆخە سەختە ئابوورییەی ڕووبەڕوومان بووەوە. هیوادارم ئەو ڕێککەوتن و لەیەکگەیشتنەی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی فیدراڵ لەبارەی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان دروست بووە، بەردەوام بێت و لەمەودوا، بابەتی مووچە کە مافێکی ڕەوا و دەستووریی خەڵکە، تێکەڵی هیچ کێشە و ناکۆکی و ململانێیەکی سیاسی نەکرێت و فەرمانبەر و مووچەخۆرانی هەرێمیش، مانگانە بە شێوەیەکی ئاسایی، لە ڕێگەی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە مووچەکانیان وەربگرن.

هەروەها ئومێد دەکەین ئەم پێشکەوتن و هەنگاوانە، ببنە دەستپێکێک بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵواسراوەکانی دیکەش و هەموو ئەو گرفتانەی ماون بە لەیەکگەیشتن و پابەندبوون بە دەستووەرەوە، چارەسەر ببن.

جەژنتان پیرۆز و خوای مەزن كوردستان بپارێزێت.

مەسرور بارزانی

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین