سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی سەردانی تاران دەکات ئێران

نوچەنێت:

سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم رایگەیاند، ئێران بەردەوامە لە پیتاندنی یۆرانیۆم زۆر زیاتر لە پێداویستی بازرگانی ئەتۆمییەکەی، سەرەڕای فشارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان. دەشڵێت "مانگی داهاتوو سەردانی تاران دەکات".

رۆژی سێشەممە (20/ شوبات/2024)، یۆرۆنیوز لە راپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، رافائل گەڕووسی، سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی رایگەیاندووە، ئێران بەردەوامە لە پیتاندنی یۆرانیۆم زۆر زیاتر لە پێداویستییە بازرگانی ئەتۆمی خۆی، سەرەڕای فشارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان.

گەڕووسی بە رۆیتەرزی راگەیاند، کە رێژەی پیتاندنی یۆرانیۆم لە ئێران لە کۆتایی ساڵی رابردووەوە کەمێک کەمی کرد، بەڵام ئێران هێشتا پیتاندنی یۆرانیۆمی بە رێژەیەکی بەرز نزیکەی حەوت کیلۆ لە مانگێکدا تا چڕی 60% دەکات. 

پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ 60% نزیکی دەکاتەوە لە ئاستی چەکی ئەتۆمی و بۆ بەکارهێنانی بازرگانی لە بەرهەمهێنانی وزەی ئەتۆمیدا پێویست نییە. ئێران هەوڵدان بۆ بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی رەتدەکاتەوە.

گەڕووسی پێش ئەوەی گەشت بکات بۆ تاران، دەچێتە مۆسکۆ و لەگەڵ ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی رووسیا سەبارەت بە ئێران و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئۆکرانیا قسە دەکات و لەوبارەیەوە دەڵێت: رووسیا رۆڵی بەرامبەر بە ئێران هەیە. ئەم وڵاتە لە ماوەی رابردوودا وەک لایەنێک لە رێککەوتنەکەدا رۆڵی هەبووە و لە بارودۆخی ئێستاشدا کاتێک رێککەوتنەکە (بەرجام) بە تەواوی لەناوچووە، شتێک دەبێت ئەم بۆشاییە پڕبکاتەوە". 

سەرچاوە: یۆرۆنیوز

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین