ئێران و چین و رووسیا مانۆڕیکی دەریایی هاوبەش بەڕێوەدەبەن ئێران

نوچەنێت:

هاوکات لەگەڵ بەرزبوونەوەی گرژی و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە لە نێوان ئەمریکا و هێزە بە وەکالەتەکانی تاران، فەرماندەی هێزی دەریایی ئێران رایگەیاند، مانۆڕێکی دەریایی هاوبەشی نێوان ئێران، رووسیا و چین بەڕێوەدەچێت.

رۆژی دووشەممە (شەشى شوباتی/2024)، ئێران ئینتەرناشناڵ لە هەواڵێکدا بڵاویکردەوە، شەهرام ئێرانی، فەرماندەی هێزی دەریایی ئێران رایگەیاند، کە مانۆڕێکی دەریایی هاوبەشی نێوان ئێران، رووسیا و چین تا کۆتایی ئەمساڵ بە ئامانجی "دەستەبەرکردنی ئاسایشی ناوچەکە بەرێوەدەچێت.

ئێرانی رۆژی دووشەممە لە ناوەندی راهێنانی هێزی دەریایی و پارێزەرانی دەریایی و ناوەندی مەشق و ڕاهێنان لە باکووری ئەو وڵاتە لە مەنجیل گوتی: بێگومان وڵاتانی دیکەش بانگهێشت کراون بۆ بەشداریکردن لەم مانۆڕەدا.

ناوبراو ناوی وڵاتێکی دیاریکراوی دیکەی جگە لە چین و رووسیا نەخستەڕوو و هێشتا وردەکاری زیاتری ئەم مانۆڕە هاوبەشە بڵاونەکراوەتەوە و تا ئێستاش روون نییە کە پانتاییەکەی چییە و ژمارەی ئەو سەربازانەی بەشداری تێدا دەکەن چەندە.

ئەو بەرپرسەی هێزی دەریایی کۆماری ئیسلامی، سەبارەت بە هۆکارەکانی بەڕێوەچوونی ئەم مانۆڕە دەڵێت، گرینگترین ستراتیجی هێزی دەریایی کۆماری ئیسلامی ئێران لە بارودۆخی ئێستادا پاراستن و پارێزگاری لە بەرژەوەندی و سەرچاوە ئابوورییەکانی ئەو وڵاتەیە سیستەمی ئیسلامی و گەلەکەیە.

جێگەی ئاماژەیە، کە ئەمە یەکەمجار نییە، هەرسێ وڵاتی ئێران، چین و رووسیا مانۆڕێکی سەربازی هاوبەش ئەنجام بدەن.

تاران، مۆسکۆ و پەکین دەڵێن، مەشقی هاوبەشی ئەم سێ وڵاتە یارمەتیدەرە بۆ پەرەپێدانی هاوکارییەکانی نێوان هێزی دەریایی وڵاتانی بەشدار. هەروەها زیادکردنی ئامادەیی هاوبەش بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایشی دەریایی.

راگەیاندنی ئەنجامدانی مانۆڕێکی نوێی هاوبەشی نێوان ئەم سێ وڵاتە لە ناوەڕاستی گرژییەکانی ناوچەکەدایە، بەتایبەتی هێرشە بەردەوامەکانی حوسییەکانی سەربە کۆماری ئیسلامی لە دەریای سووردا لەدژی کەشتیوانی بازرگانییە.

بە گوتەی ئەو بەرپرسە سەربازییە، چاوەڕوان دەکرێت تا کۆتایی ئەمساڵ چەند کەشتییەک بۆ هێزی دەریایی ئێران زیاد بکرێن.

هێزی دەریایی ئەمریکا لە مانگی پێشتر رایگەیاندبوو، کە زیاتر لە سێ هەزار سەرباز بە دوو کەشتی جەنگی لە چوارچێوەی جێگیرکردنی هێزی زیاتر لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە ئامانجی رێگریکردن لە دەستبەسەرداگرتنی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان لەلایەن ئێرانەوە چوونەتە ناو دەریای سوور.

سەرچاوە: ئێران ئینتەرناشناڵ

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین