لە ئێران خۆپێشاندەرێک لە سێدارە درا ئێران

نوچەنێت:

بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکێک لە دەستگیرکراوەکانی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی ساڵی لەسێدارە دراوە. لە کاتێکدا بنەماڵەکەی جەختیان لەوە کردبووەوە، کە کوڕەکەیان پێشینەی نەخۆشی هەیە.

رۆژی سێشەممە (23/ کانونی دووەم/ 2024)  یورۆنیوز، لە هەواڵێکدا بڵاویکردەوە، بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی میزان سەر بە دەزگای دادوەری ئێران، بەرەبەیانی ئەمڕۆ محەمەد قوبادلوو، یەکێک لە دەستگیرکراوەکانی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی ساڵی رابردوو (شۆڕشی ژینا) لەسێدارە دراوە.

ئەو گەنجە (قوبادلوو) تەمەن 23 ساڵەیە، بە گوتەی دەزگای دادوەری ئێران، تۆمەتبارە کراوە بەوەی ساڵی رابردوو لە کاتی ناڕەزایەتییەکاندا بە ئۆتۆمبیل بەسەر چەند پۆلیسدا رۆیشتووە و بەهۆیەوە یەکێکیان بە ناوی فەرید کەرەمپوور حەسەنوەند گیانی لەدەستداوە.

بنەماڵەی قوبادلوو جەختیان لەوە کردبووەوە، کە کوڕەکەیان پێشینەی نەخۆشی دوو جەمسەری هەیە و داوایان لە دادگا و دەسەڵاتی دادوەری کردبوو، سزای لەسێدارەدانی هەڵبوەشێننەوە بەهۆی ئەم نەخۆشییەوە جارێک بڕیارەکەی لقی یەکەمی دادگای باڵا هەڵوەشێنراوەتەوە؛ بەڵام لە کۆتاییدا، بەرەبەیانی ئەمڕۆ، حوکمی لەسێدارەدانەکەی جێبەجێ کراوە.

رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی، رۆژێک پێش لەسێدارەدانی قوبادلوو،  جەختی لەوە کردەوە، کە دانپێدانانی ئەم گەنجە، کە کێشەی دەروونی هەیە، لەژێر ئەشکەنجەدا کراوە و دۆسیەکەی بە نهێنی ئەنجام دراوە. ئەم دامەزراوە نێودەوڵەتییە هەروەها هۆشداریدا لەوەی کە ژیانی محەمەد قوبادلوو لە مەترسیدایە.

جێگەی ئاماژەیە، کە ناڕەزایەتییەکان لە ئێران، دوای گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی، لە رۆژی 16.9.2022 دەستیانپێکرد، تائێستاش کاریگەرییەکانی ماون.  ژینا (مەهسا) کچێکی تەمەن 22 ساڵی خەڵکی شاری سەقز، کە لەلایەن پۆلیسی ئیرشادی تارانەوە، بە تۆمەتی پابەندنەبوون بە حیجابەوە دەستبەسەر کرا، بەڵام بە هۆی زەبر گەیشتن بە سەری باری تەندروستی تێکچوو و گیانی لەدەستدا.

سەرچاوە: یورۆنیوز

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین