وەزیری دەرەوەی ئێران سەردانی پاکستان دەکات ئێران

نوچەنێت:

وەزارەتی دەرەوەی پاکستان رۆژی دووشەممە خشتەی فەرمی گەشتی وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ ئیسلام ئاباد راگەیاند.

ڕۆژی دووشەممە (22/ کانونی دووەم/ 2024)  رادیۆفەردا، لە هەواڵێکدا بڵاویکردەوە، بە پێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵی ئیرنا، لە میانەی پەیوەندییەکی تەلەفۆنی نێوان حوسێن ئەمیرەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران و هاوتا پاکستانییەکەی بڕیار دراوە وەزیری دەرەوەی ئێران سەردانی ئیسلام ئاباد بکات.

هەر لەم پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا هەردوولا هاوڕابوون کە باڵیۆزی دوو وڵات رۆژی هەینی داهاتوو بگەڕێنەوە سەر ئەرکی خۆیان.

گرژیی نێوان ئێران و پاکستان دوای هێرشی "مووشەکی و درۆنی" سوپای پاسداران بۆ سەر ئەو شوێنەی، کە بەرپرسانی ئێران بە شوێنی گرووپی جەیش العدل لە بەلوچستانی پاکستان ناویان برد. ‌حکومەتی پاکستانیش رایگەیاند، لە هێرشەکەدا دوو منداڵ کوژراون.

پاکستانیش لە بەرامبەردا سەرلەبەیانی پێنجشەممەی رابردوو گوندێکی سنووری ئێرانی لە نزیک شاری سەراوان، کە دەکەوێتە پارێزگای سیستان و بەلووچستان کردە ئامانج. بە گوتەی کاربەدەستانی ئێران، لەم هێرشەدا 10 کەس کوژراون کە چواریان منداڵ بوون.

لە درێژەی ئەم گرژیانەدا، رۆژی یەکشەممە (دوێنێ)، وەزارەتی دژە تیرۆری پاکستان رایگەیاند، کە کەسێک کە هاوکاری ئیتلاعاتی (دەزگای هەواڵگری) کۆماری ئیسلامی ئێران بووە، دەستبەسەر کردووە.

سەرچاوە: رادیۆفەردا

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین