ئیسرائیل هه‌واڵى هێرشكردنه‌ سه‌ر بنكه‌یه‌كى موساد له‌ هه‌ولێر ره‌ت ده‌كاته‌وه‌ کوردستانی

نوچه‌نێت

رۆژنامه‌ى جیروزالیم پۆست له‌ چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كى تایبه‌ته‌وه‌ هه‌واڵى هێرشكرده‌ سه‌ر بنكه‌یه‌كى هه‌واڵگرى وڵاته‌كه‌ى له‌ هه‌ولێر ره‌ت ده‌كاته‌وه‌ و ده‌ڵێ، "چه‌ندان جارى تر هه‌واڵى له‌م شێوه‌یه‌ بڵاوكراوه‌ته‌وه"‌.

دواى بڵاوكردنه‌وه‌ى هه‌واڵێك له‌ میدیاكانى ئێران و نزیك له‌ ئێران سه‌باره‌ت به‌وه‌ى گوایه‌ له‌ هه‌ولێر هێرشكراوه‌ته‌ سه‌ر بنكه‌یه‌كى هه‌واڵگرى ئیسرائیل و حكومه‌تى هه‌رێمیش به‌ فه‌رمى ره‌تى كرده‌وه‌، ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 14ى نیسان رۆژنامه‌ى جیروزالیم پۆستى ئیسرائیلى له‌ چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كى تایبه‌ته‌وه‌ هه‌واڵه‌كه‌ى ره‌تكردووه‌ته‌وه‌.

سه‌باره‌ت به‌ سه‌رچاوه‌ى هه‌واڵى هێرشكردنه‌كه،‌ رۆژنامه‌ ئیسرائیلییه‌كه‌ باسى له‌وه‌ كردووه‌، سه‌رچاوه‌كه‌ى "سابرین نیوز"ه‌ .  جیرۆزالیم پۆست ئه‌و پێگه‌یه‌ى نه‌ناساندووه‌، به‌ڵام وه‌ك خه‌ڵكى عێراق ده‌زانن سابرین نیوز له‌لایه‌ن گرووپه‌كانى حزبوڵاى عێراقى و ره‌بعوڵا به‌ڕێوه‌ده‌برێت.

دواتر رۆژنامه‌ ئیسرائیلییه‌كه‌ له‌ چوار سه‌رچاوه‌ى تایبه‌ته‌وه‌ دووپاتى ده‌كاته‌وه‌ كه‌ هیچ هێرشێك له‌ هه‌ولێر رووینه‌داوه‌ و دواتریش ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات ئه‌مه‌ چواره‌م هه‌واڵى بێ بنه‌مایه‌ كه‌ له‌لایه‌ن ئێران و هاوپه‌یمانه‌كانى له‌ عێراق بڵاو ده‌كرێنه‌وه‌.

له‌ 10ى ئه‌م مانگه‌ میدیاكانى نزیك له‌ ئێران بڵاویان كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ هه‌واڵگرى توركیا له‌ شنگال له‌گه‌ڵ موسادى ئیسرائیلى كار ده‌كه‌ن، له‌ مانگى ته‌مووزى رابردوو میلیشیاكان گوتیان فڕۆكه‌ى ئیسرائیلى به‌ ئاسمانى عێراق فڕیوه‌. له‌ مانگى تشرینى یه‌كه‌مى ساڵى 2019 لایه‌نه‌كانى سه‌ربه‌ ئێران گوتیان بنكه‌یه‌كى سه‌ربازى ئیسرائیل له‌ هه‌رێمى كوردستانه‌ ئه‌مه‌یش له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتى هه‌رێمه‌وه‌ ره‌تكرایه‌وه‌.

ئه‌مڕۆ له‌سه‌ر ئه‌م هه‌واڵه‌ د.جوتیار عادل گوته‌بێژى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان رایگه‌یاند، "ئێمە لێرەوە ڕایدەگەیێنین ئەو ھەواڵە سەرلەبەری دوورە لە ڕاستییەوە، پێمان وایە ئەو ھەواڵ و تۆمەتە بێ بنەمایانە مەبەستدارە و تەنیا ئامانجیان پیلانگێڕییە بەرامبەر بە ھەرێمەکەمان"

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین