پاکستان لەبارەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێران بڕیاری دا ئێران

نوچەنێت:

لێژنەی ئاسایشی نەتەوەیی پاکستان رێککەوتنی خۆی بۆ کۆتاییهێنان بە گرژییەکانی لەگەڵ ئێران راگەیاند، ئەمەش دوای گرژییە سنوورییەکانی نێوان ئیسلام ئاباد و تاران کە لە ئەنجامدا لەهەر دوولا لانیکەم 12 کەس کوژرا.

ڕۆژی شەممە (20/ کانونی دووەم/ 2024)  رادیۆفەردا، لە هەواڵێکدا بڵاویکردەوە، کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی پاکستان بە سەرۆکایەتی ئەنوەرولحەق کاکار، سەرۆک وەزیرانی حکومەتی کاتی لە ئیسلام ئاباد بەڕێوەچووە و لێژنەکە لە دوای کۆبوونەوەکە لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: کە سەرکردە سیاسی و سەربازییەکانی ئەو وڵاتە بارودۆخی دوای هێرشە مووشەکی و ئاسمانییەکانی ئێرانیان تاوتوێ کردووە و ستایشی "وەڵامی پیشەیی و ژیرانە و گونجاو"ی سوپای پاکستانیان کردووە.

بەگوێرەی بەیاننامەکە، لیژنەکە جەختی لەوە کردووەتەوە، کە کەناڵەکانی پەیوەندیی ئێستای نێوان پاکستان و ئێران "پێویستە بۆ چارەسەرکردنی نیگەرانییە ئەمنییەکانی دوو وڵات بۆ بەرژەوەندی ئاشتی و سەقامگیری ناوچەکە کەڵک وەربگیرێت".

سەرۆک وەزیرانی پاکستان بە وەکالەت، ئێوارەی رۆژی هەینی رایگەیاند: لە بەرژەوەندی ئیسلام ئاباد و تارانە بۆ گەڕاندنەوەی پەیوەندییەکان بۆ پێش ئەو گرژییەی ئەم دواییە هەنگاو هەڵبگرن.

لەم بەیاننامەیەدا نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی پاکستان رایگەیاند، کە کاکار لە سەرەتای کۆبوونەوەی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانیدا رایگەیاندووە، کە پاکستان وڵاتێکی پابەندی یاسا و ئاشتیخوازە و بە دوای پەیوەندیی دۆستانە و هاوکاری لەگەڵ هەموو وڵاتان و بەتایبەتی دراوسێکانیەتی.

راپۆرتە میدیاییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە لیژنەی ئاسایشی نەتەوەیی پاکستان هەروەها رەزامەندی دەربڕیوە لەسەر دەستپێکردنەوەی تەواوی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران و گەڕاندنەوەی باڵێۆزی دوو وڵات بۆ پایتەختەکانی یەکتر.

گرژیی نێوان ئێران و پاکستان دوای هێرشی "مووشەکی و درۆن"ی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ سەر شوێنی گرووپی جەیش ئەلعەدل، لە پارێزگای بەلوچستانی پاکستان، کە بەرپرسانی ئێران وا دەڵێن، دەستی پێکرد. پاکستان رایگەیاند، کە لە هێرشەکەدا دوو منداڵ کوژراون.

پاکستان لە کاتژمێرەکانی سەرلەبەیانی رۆژی پێنجشەممە گوندێکی سنووری ئێرانی لە نزیک شاری سەراوان لە پارێزگای سیستان و بەلوچستانی ئێرانی کردە ئامانج. لەم هێرشەدا لانیکەم 10 کەس کوژراون کە چواریان بوون.

سەرچاوە: رادیۆفەردا

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین